ئەمیرحسێن ئەفرا سزای بەندکران، قامچی و پێبژاردنی جەریمەی بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمیرحسێن ئەفرا، لاوی کورد، خەڵکی ئاشخانە لە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە جەریانی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، دەستبەسەر کرابوو، لە ئەنجامی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی لە لقێکی دادگای کەیفەری، سزای ١٢ مانگ بەندکران، ٧٤ قامچی و پێبژاردنی ٦٤٥ ملیۆن تمەن جەریمەی بە سەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەم شارۆمەندە کوردە، بەبێ ئامادەبوونی خۆیی ئەنجام دراوە و بڕیاری دادگا لە سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥، بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەینراوە. ناوبراو بە تۆمار کردنی ناڕەزایەتی بەرامبەر سزاکە، داوای تێهەڵچوونەوە بە بڕیاری دادگای کردووە.

ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە بریتین لە، تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و سەرپێچی لە بڕیاری هیزەکانی حکومەت و تێکهەڵچوون لەگەڵیان، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمیرحسێن ئەفرا بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا نەکردووە و دوای کۆتایی هاتنی ناڕەزایەتییەکان هاوکات لەگەڵ شەپۆلێکی دەستبەسەرکردن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانیەوە دەستبەسەرکراوە. بەڕێوەچوونی دادگای ئەو بەبێ ئامادەبوونی خۆی، گەیاندنی زارەکی بڕیارەکە و دەرکردنی سزاکان لەوانەش بەندکران، قامچی و جەریمە، لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی کە ئەم شارۆمەندە بەبێ بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراوە، نیگەرانییەکی جددی لەبارەی ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی بەرگری کاریگەر و گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی مافی تۆمەتبارەکان لە پرۆسەی دادوەریدا دروستکردووە.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها