بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، «شەمسی خوسرەوی»، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی سەقز، ئێستا لە زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە. دۆسیەکەی لەم دواییانەدا لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵەواتی پێڕاگەییشتنی بۆ کراوە.
ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم بەندکراوە بریتین لە «ئەفساد فیئەرز»، «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» و «هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی». ئەم ناونیشانە تۆمەتبارییانە دەتوانن ببنە بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە، ئەگەرچی تا ئێستا حوکمی کۆتاییی دۆسیەکە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادوەری دۆسیەکە لە کاتی دانیشتنی پێڕاگەییشتندا ڕایگەیاندووە کە بۆ شەمسی خوسرەوی هیچ سزایەک جگە لە سێدارە بەدی ناکرێت.
ناوبراو ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لە ڕێگای نێوان کەرەج و تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی دوو مانگ ڕاگیران لە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین گواسترایەوە. بەپێی زانیارییەکانی هانا، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەری و پێڕاگەییشتنی دادوەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێراوی خۆی بێبەش بووە.
نیگەرانییەکان دەربارەی چارەنووسی شەمسی خوسرەوی تەنیا بەهۆی قورسیی تۆمەتەکانەوە نییە. دۆسیەکەی لە دەستی ئەبولقاسم سەڵواتیدایە کە یەکێکە لە دادوەرە ناسراوەکانی دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان. سەڵواتی بەهۆی ڕۆڵی لە دەرکردنی سزای قورس، لەوانەش سزای سێدارە دژی بەندکراوانی سیاسی، خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی، خراوەتە لیستی گەمارۆکانی مافی مرۆڤەوە.
لقی ١٥ی دادگای ئینقیلابی تارانیش لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بەڕێوەبردنی دادگاییکردنی نائاشکرا دەرکردنی حوکمی قورس لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکاندا و کەمتەرخەمیی بەردەوام بەرانبەر بە مافی بەرگریی تۆمەتباران، بووەتە یەکێک لە خراپترین لقەکانی ئەم دادگایە. کارکردنی ئەم لقە نیشاندەری نەبوونی سەربەخۆیی و بێلایەنیی دادوەری و زاڵبوونی تێبینییە ئەمنییەکانە بەسەر پرۆسەی پێڕاگەییشتندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە پێشینەی سەڵەواتی لە پشتگوێخستنی مافی بەرگریی تۆمەتباران، لە تەنیشت ئەو لێدوانەی کە دەگوترێت دەربارەی حەتمیبوونی سزای سێدارە داویەتی، مەترسیی دەرچوونی حوکمێکی پێشوەختە دیاریکراوی بە توندی زیاد کردووە.
ڕاگەیاندنی سزا پێش کۆتاییهاتنی پێڕاگەییشتن، ئەگەر ڕاست بێت، نیشاندەری بڕیاری پێشوەختەی دادوەری و پێشێلکردنی ئاشکرای بنەمای بێتاوانی، بێلایەنیی دادگا و مافی تۆمەتبارە بۆ بیستنی ڕاستەقینەی بەرگرییەکانی.
بێبەشکردنی شەمسی خوسرەوی لە پارێزەری هەڵبژێردراویش دەرفەتی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکان، ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاپۆرتە ناوەندە ئەمنییەکان و پێشکەشکردنی بەرگریی کاریگەری لێ زەوت کردووە.
لە دۆسیەیەکدا کە دەکرێت بە زەوتکردنی ژیان کۆتایی بێت، وەها پێشێلکارییەک کێشەیەکی لاوەکی یان قەرەبووکەرەوە نییە، بەڵکوو بنەمای بڕواپێکراویی پرۆسەی پێڕاگەییشتنەکە لەناو دەبات.
هانا لە سەر ئەو باوەڕەیە، لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەستەکان، ئەوەی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاراندا ڕوو دەدات، مەرجە پێویستەکانی دادرەسییەکی سەربەخۆ، بێلایەنانە و دادپەروەرانە ی تێدا نییە. پرۆسە ڕاگەیەندراوەکە زیاتر لەوەی پێڕاگەییشتنێکی دادوەری بێت بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، نیشانەکانی سیناریۆیەکی ئەمنیی پێشوەختە داڕێژراوی پێوەیە کە تێیدا ناونیشانی تۆمەت، گێڕانەوەی ناوەندە ئەمنییەکان و سزای مەبەست پێشوەختە دیاری کراون و دادگا تەنیا بەرگێکی یاسایییان بەبەردا دەکات.
