کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سنووری شۆشمێی نەوسوود

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەیانی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، وەزیر ڕەحیمی تەمەن ٥٧ ساڵ، خەڵکی ئاوایی مەنسوورئاقایی سەر بە بەشی شاھۆی ڕوانسەر، لە ناوچەی سنووری شۆشمێی شارۆچکەی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی هانا، ئەم کۆڵبەرە لە کاتی پەڕانەوە لە سنوور بە باری کۆڵبەریەوە، لە مەودایەکی نزیکەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.

ناوبراو بە هۆی قورسی برینەکەی، پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.

وەزیر ڕەحیمی خێزاندار بووە و بەهۆی هەژاری، بێکاری و نەبوونی هەلی کار ٢٠ ساڵ پێش لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ شاری سنووری نەوسوود کۆچیانکردبوو و لە ساڵانی دواییدا بە کوڵبەری ژیانی خۆیی و خێزانەکەی دابین دەکرد.

بەپێی دوا زانیارییەکان، تەرمی وەزیر ڕەحیمی دوای گواستنەوە لە شاخە سنوورییەکان، هێشتا لە بێهداری شاری نەوسوود ڕاگیراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆتە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین