ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ دیار حاجی ڕەسووڵپوور،خەڵکی شاری بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکرانی تەعزیری، بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان،ئەو هاووڵاتییە لە هاوینی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکانەوە بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە دژی نیزام) سزای هەشت مانگ بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپێنرابوو. دواتر سزاکەی بەهۆی (ملکەچبوون بۆ بڕیاری دادگا) بۆ شەش مانگ بەندکردنی تەعزیری کەم کراوەتەوە.
دیار حاجی ڕەسووڵپوور پێشتر لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٤دا،بەبێ خستنەڕووی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری،لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.ناوبراو لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵدا،دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون،بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
