بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە،ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ ئارمان مەردانی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی کامێران دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەرکران لە شوێنێکی نادیار،بۆ زیندانی ناوەندی سنە ڕاگوێزراوە.
بەگوێرەی زانیارییە بەدەست گەیشتووەکانی هانا،ئارمان مەردانی تووشبووی نەخۆشیی(MS) و بەهۆی دۆخی جەستەییەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
جێگەی ئاماژەیە،ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و هەروەها نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و تەندروستیی دەروونی ناوبراو لە ئەنجامی بەردەوامبوونی دەستبەسەرکرانەکەی زیادی کردووە.
ئارمان مەردانی لە ساڵی ١٤٠١،هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی،ئێرانی بەجێهێشتبوو و پەیوەندیی بە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان کردبوو. ناوبراو دوای وەرگرتنی (ئەماننامە) لە ساڵی ١٤٠٣ گەڕایەوە بۆ ئێران،بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا،لە سنووری باشماخ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و پاشان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران گواسترایەوە.
