ڕاپۆرتی تەواوکاریی هانا لەسەر پێکدادانە چەکدارییەکانی ئەم دواییەی پیرانشار و مەهاباد و پشتڕاست بوونەوەی ناسنامەی ١٠ کەس لە گیانبەختکردووان

​بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە پشتڕاست کراونەتەوە، لە ئەنجامی دوو پێکدادانی چەکداریی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران لە شارەکانی پیرانشار و مەهاباد، تا ئێستا ناسنامەی ١٠ لە گیانبەختکردووان ڕوون بووەتەوە.

​لێکۆڵینەوەکانی هانا دەریەخستووە کە لە پێکدادانەکەی شەوی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە نزیک ئاوایی قەزقاپانی سەر بە شاری پیرانشار، شەش ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گیانیان بەختکردووە. ناسنامەی ئەم کەسانە بریتییە لە: کارۆ هورمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەمەد خاکی، عەبدوڵڵا محەمەدپوور، توانا عوسمانی و محەمەدئەمین بایزیدی. ئەم زانیارییانە، ڕاپۆرتی سەرەتایی هانا دەربارەی ژمارە و ناسنامەی گیانبەختکردووانی ئەم پێکدادانە تەواو دەکات.

​لە ڕووداوێکی جیاوازدا، هێزەکانی پاراستنی گەل (YRK)، باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ناسنامەی چوار لە ئەندامانی خۆی ڕاگەیاند کە بە گوتەی ئەم لایەنە، ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە کاتی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری ئاوایی گاگەشی سەر بە شاری مەهاباد گیانیان بەختکردووە. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، گیانبەختکردووەکان بریتیین لە: زارین ئاکباش، خەڵکی تاتوانی تورکیا؛ خەلیل چیچەک، خەڵکی مووشی تورکیا؛ پەرەستو سەفایی‌پوور، خەڵکی مەریوان؛ و ڕەسوڵ یەگانە، خەڵکی خۆی.

​ئەو زانیارییانەی لە لایەن هاناوە کۆکراونەتەوە، لەوانە لێدوانی شایەتحاڵە خۆجێییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکات لەگەڵ پێکدادانەکە لە ناوچەی گاگەش، چەندین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) بۆ گواستنەوەی کوژراو و بریندارەکان بۆ شوێنی ڕووداوەکە نێردرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی کوژراو یان بریندارانی هێزەکانی سوپای پاسداران پشتڕاست بکاتەوە هەر لەبەر ئەوەش لە بڵاوکردنەوەی ئامار لەم بارەیەوە خۆی دەپارێزێت.

​تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچکام لە دامەزراوە بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامی زانیاریی فەرمی و جێگەی باوەڕیان دەربارەی ژمارەی زیانەکان، ناسنامەی کوژراوان یان دۆخی بریندارانی هێزەکانی خۆیان بڵاو نەکردووەتەوە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوامە لە پرۆسەی بەڵگەمەندکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕووداوانە و لە ئەگەری دەستکەوتنی زانیاریی نوێ و باوەڕپێکراو، ڕاپۆرتی تەواوکاریی زیاتر بڵاو دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین