ژنکوژی لە مەلێکان؛ ندا جەلیلیان دوای لێدانێکی زۆر بەدەستی هاوسەرەکەی خنکێندرا

ندا جەلیلیان، ٢٦ ساڵە خەڵکی وشتەپەی بۆکان، دانیشتووی مەلێکان و دایکی کچێکی چوار ساڵە، ڕۆژی هەینی ١٦ی گەڵاوێژی ١٤٠٥ لە شارۆچکەی مەلێکان بەدەستی هاوسەرەکەی کوژرا.

بەپێی زانیارییەکان، هاوسەری ندا پاش لێدان و ئەشکەنجەی زۆر هەڵیواسیوە .

تۆمەتبار دوای کوشتن هەوڵی داوە بە شێواندنی ڕاستی و دروستکردنی دیمەنێکی ساختە، مردنی هاوسەرەکەی وەک خۆکوژی پیشان بدات، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان و ڕاگەیاندنی ڕاپۆڕتی پزیشکی دادوەری، بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کرا.

بچوککردنەوەی وەها تاوانێکی دڵتەزێن لە ژێر ناوی ناڕوونی «کێشەی خێزانی»، سروشتی ڕەگەزیی ئەم تاوانە دەشارێتەوە. ئەوەی ڕوویداوە تەنیا مشتومڕێکی تایبەتی لەنێوان دوو کەسی یەکسان نەبووە، بەڵکو ژنکوژیە و گەورەترین دەرکەوتەی توندوتیژیی پیاوسالاری بەرامبەر ژنانە.

ئەدەبیاتی «کێشەی خێزانی» بە ئاسایی‌کردنەوەی توندوتیژی، بەرپرسیارێتی تاوانبار و ئەو پێکهاتانەی، هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم توندوتیژییەن، دەخاتە پەراوێزەوە.

لە ئێران، نەبوونی یاسایەکی گشتگیر و کاریگەر بۆ پێشگیری لە توندوتیژیی ناوخێزان و پاراستنی خێرای ژنان، ئەوانی لە بەرامبەر توندوتیژیی پیاوانی خێزان بێ‌پەنا هێشتووەتەوە. ئەم بۆشاییە یاساییە لەگەڵ سیستەمێکی فێقهی و یاسایی پەیوەندی هەیە کە لە زۆر بواردا بۆ ژن کەسایەتی، دەسەڵات و ناسنامەیەکی سەربەخۆ و یەکسان بە فەرمی ناناسێت و دەسەڵاتی پیاو لە خێزاندا جێگیر دەکات. لەو پێکهاتەیەدا، توندوتیژیی ناوخێزان زۆرجار تا پێش ڕوودانی کوشتن، وەک کێشەیەکی تایبەتی سەیر دەکرێت و دەستێوەردانی کاریگەر کاتێک ئەنجام دەدرێت کە چیتر دەرفەتێک بۆ ڕزگارکردنی قوربانییەکە نییە.

هانا بە توندی جەخت دەکاتەوە کە کوشتنی ندا جەلیلیان «کێشەی خێزانی» نەبووە، بەڵکو نموونەێکی ئاشکرای ژنکوژییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین