بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مێهران ڕەسولی، لاوێکی کرێکار، خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی کارکردن لە سەردەشت لە داربەست کەوتۆتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەم ڕووداوە ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویداوە و دوای کەوتنەخوارەوە، ناوبراو بە برینداری بۆ نەخۆشخانەیەک لە مەهاباد گواسترابووەوە. مێهران ڕەسولی سەرەڕای هەوڵەکان بۆ چارەسەری، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.
کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکانی کاری بیناسازیە کە دەکرێت پێشگیری لێ بکرێت. بەپێی ڕێساکانی سەلامەتی و پاراستنی تەکنیکی، دابینکردنی داربەستی ستاندارد، کەرەستەکانی پاراستنی تاکەکەسی، فێرکاریی سەلامەتی و چاودێریی کاریگەر بەسەر شێوازی ئەنجامدانی کار، بە پێی یاسا لە ئەستۆی خاوەنکارە. ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوانە پێویستی پشکنینی وردی بارودۆخی شوێنی کار، شێوازی جێبەجێکردنی ڕێساکانی سەلامەتی و بەرپرسیارێتی کەسەکان و دامەزراوەکانە کە ئەرکی چاودێرییان لەسەرە.
