بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی «شێخ زاھید شەھابی» و «ئارمان خالقپەنا»، ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی شاری سەقز ئامادە نین ڕوونکردنەوەی شەفاف دەربارەی دۆخی تەندروستی و پرۆسەی دادگاییکردنیان بدەن. کەمتەرخەمیی ئەم ناوەندانە لە زانیاریبەخشینی فەرمی و بێبەشکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی چاوپێکەوتن، بووەتە هۆی نیگەرانیی جیدیی بنەماڵەکانیان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانای داوە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز و بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی زۆر و تەقەکردن دەستبەسەر کران. لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا، ئارمان خالقپەنا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دوو گوللەی بەر قاچی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.
ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی دەستبەسەرکراوەکان گوتی: شێخ زاھید شەھابی دوای دەستبەسەرکران، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی، بە شێوەیەک کە شەویلکە و پەراسووانی شکاون و ٢٥ کیلۆگرام کێشی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەڕێز شەھابی دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی سەقز گواستراوەتەوە و ئێستا لە دۆخێکی ناڕووندایە. شایانی باسە ناوبراو پێشتریش بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا دەستبەسەر کرابوو و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
لە لایەکی دیکەوە، ئارمان خالقپەنا کە سەرەڕای برینداریی قورس بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ شۆێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی ئامادە نین وەڵامێکی ڕوون دەربارەی دۆخی چارەسەری پزیشکی و بارودۆخی ئێستای ئارمان بدەن و ڕێگەی پەیوەندیی بنەماڵەکەیان پێ نەداوە و تا ئێستە بێ سەروشۆێنە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر بە ژیان و تەندروستیی ئەم دوو هاووڵاتییە، بێدەنگبوونی ناوەندە ئەمنییەکان، ئەنجامدانی ئەشکەنجە و بێبەشکردنی برینداران لە مافی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری خێرا، بە نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییە مەزنەکانی مافی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنەکانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە دەزانێت.
