بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، قادر ناوخاسی، بەرپرسی کۆمەڵەی “امر بە معروف و نهی از منکر” لە جوانڕۆ و کەسایەتییەکی ئایینی نزیک لە حکومەت، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج.
ئەو لە هێرشەکەدا سێ فیشەکی بەرکەوتووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێری چڕدایە.
ئەم ڕووداوە هاوکات لەگەڵ چەندین ڕووداوی کوشتن و هێرشی چەکداری دژ بە کەسانی پەیوەست بە دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان ڕاپۆرت کراوە. ئەو کەسانەی لەم هێرشانەدا دەکرێنە ئامانج، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کەسایەتیانەن کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا بە “جاش” ناودەبرێن. ئەم چەمکە مێژووییە ئاماژەیە بۆ ئەو کوردانەی کە هاوکاری حکومەت و پێکهاتە ئەمنییەکانی حکومەتە ناوەندەکان بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوە و داواکارییە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن.
سەرەڕای بەستێنی هاوبەشی ئەم هێرشانە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندییان بە یەکەوە، ناسنامەی هێرشبەرەکان، یان پاڵنەری هێرشکردنە سەر قادر ناوخاسی بڵاونەکراوەتەوە و هیچ تاک و گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی بەئەستۆ نەگرتووەتە.
