ڕاپۆرتی هانا لەسەر واژۆکردنی یەکەمین بەڵگەنامەی هاوبەشی مافی مرۆڤ لە نێوان ١٥ حیزبی سیاسیدا لە ئۆسلۆ

ڕۆژی شەممە ٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، پانزە حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بە ڕوانگە و بەرنامەی جیاوازەوە، بەڵگەنامەی (پرەنسیپە سەرەتایییەکانی مافی مرۆڤ بۆ قۆناغی ڕاگوزەر)یان پەسند کرد. هەروەها نوێنەرانی ١٢ لەو لایەنانە لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئۆسلۆ بە شێوەیەکی فەرمی ئەم بەڵگەنامەیەیان واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە ئەنجامی چەندین مانگ وتووێژە بە ئاسانکاری و نێوەندگریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران.
بەپێی ڕێکارە ڕاگەیەندراوەکان، ئەمە یەکەمین جارە کە کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ئەوەندە جیاواز، بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەبێ ڕێککەوتن لەسەر شێوازی دەسەڵاتی داهاتوو، لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی بنەڕەتیی نووسراوی مافی مرۆڤ ڕێکبکەون و پێبەندیی خۆیان بە جێبەجێکردنییەوە ڕابگەیەنن.
ئەم بەڵگەنامەیە ١٣ پرەنسیپ لەخۆدەگرێت و جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە، یەکسانی و قەدەغەکردنی هەڵاواردن، ئازادیی دەربڕین و گردبوونەوە، ئازادیی چالاکیی حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەڵبژاردنی ئازاد و شەفاف، سەربەخۆییی دەزگای قەزایی و لێپرسینەوە لە پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ دەکاتەوە. مافە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان و هەروەها بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە پێکهاتەکانی قۆناغی ڕاگوزەردا، لە دەقەکەدا بە ڕوونی جەختیان لەسەر کراوەتەوە.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، گرنگیی ئەم ڕێککەوتنە لەوەدایە کە مافە بنەڕەتییەکان لە ململانێ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی جیا دەکاتەوە. بەم پێیە، مافی ژیان، قەدەغەبوونی ئەشکەنجە، یەکسانی لە بەرامبەر یاسادا و ئازادییە بنەڕەتییەکان نابێت پەیوەست بن بە پێگەی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی یان حیزبیی کەسەکانەوە، و گۆڕانکاریی دەسەڵاتی سیاسیش ناتوانێت ببێتە بەهانەیەک بۆ پێشێلکردنی ئەم مافانە.
بەڵگەنامەکە هەروەها جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی دەکات لە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا و سزادانی بەکۆمەڵ یان هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسەکان تەنیا لەسەر بنەمای وابەستەییی سیاسی یان ئایدیۆلۆژی ڕەت دەکاتەوە. ئەم ڕوانگەیە دادپەروەری لە قۆناغی ڕاگوزەردا لەسەر دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی و میکانیزمەکانی دادپەروەریی قۆناغی ڕاگوزەر دادەمەزرێنێت.
ئەم بەڵگەنامەیە لە باری یاسایییەوە پەیماننامەیەکی ئیلزامی نییە، بەڵام واژۆکردنی بە شێوەیەکی ئاشکرا، ئیلتزامێکی سیاسی و مافپەروەرانەی ڕوون بۆ حیزب و ڕێکخراوە بەشداربووەکان دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای داهاتوویان.
گرنگیی ڕووداوەکەی ئۆسلۆ لەم خاڵەدایە:
بۆ یەکەمین جار، کۆمەڵێک حیزبی سیاسی سەرەڕای ناکۆکیی قووڵ لەسەر داهاتوو و پێکهاتەی سیاسی، لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی هاوبەشی مافی مرۆڤ ڕێککەوتوون.
لە کۆتاییشدا شەرعییەت و کێشی ئەم پێبەندییە بەستراوەتەوە بە ئاستی پابەندبوونی کرداریی هەرکام لە واژۆکەران بەم پرەنسیپانە، بەتایبەت لە بەرامبەر نەیارە سیاسییەکانی خۆیاندا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین