فەرانەک زەبیحی شارۆمەندی بەهایی، سزای دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا

فەرانەک زەبیحی، شارۆمەندی بەهایی، لە لایەن دادگای شۆڕشی قائمشارەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بانگەشەی باوەڕی بەهایی” سزای دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران و دوو ساڵ زەوتکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم حوکمە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا مەزاجی دەرچووە و تۆمەتبارکردنی ئەو دۆسیەیە ڕاستەوخۆ تایبەتە بە چالاکییەکانی پەیوەست بە بیروباوەڕی ئایینی ئەم شارۆمەندیە.
لێپێچینەوە و سزادانی تاکەکان بەهۆی دەربڕینی ئاشتیانە، فێرکردن یان بەرەوپێشبردنی بیروباوەڕی ئایینی، بەدەر لە دۆسیەیەکی تاوانکاری تاکەکەسی، بە شێوەیەکی جددی پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە سەبارەت بە ئازادی ئایین یان بیروباوەڕ و بنەمای جیاکاری نەکردن.

مادەی ١٨ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئازادیی هەبوون یان وەرگرتنی ئایینێک یان بیروباوەڕێک، هەروەها مافی دەرخستنی، چ بە تاک یان بە کۆمەڵ لەگەڵ کەسانی دیکە دەپارێزێت، پاراستنێک کە سنووردار نییە بەو ئایینانەی کە لە سیستەمی یاسایی ناوخۆیی وڵاتاندا دانپێدانراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا سەبارەت بە چڕبوونەوەی فشارە ئەمنی و دادوەرییەکان لەسەر هاووڵاتیانی بەهایی، بەڵگەنامەکردنی کەیسەکانی بانگهێشتکردن، دەستگیرکردن، گەڕان بەدوای ماڵەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەوان هۆشداری دابوو. بەردەوامیی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە، بەتایبەتی کاتێک کە باوەڕ، ناسنامە، یان چالاکیی ئاشتیخوازانەی ئایینی بنەمای لێپێچینەوەی تاوانکارییە، ڕەنگدانەوەی ڕەوتی نیگەرانکەری ئەمنیەتیکردنی ئازادی ئایین و باوەڕ و بڵاوبوونەوەی هەڵاواردن بەرامبەر کەمایەتییە ئایینییەکانە لە ئێراندا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین