بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، سەرلەبەیانیی چوارشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بڕیاری لە سێدارە دانی عەلی هیممەتی سیستانیان و مەجید نیکئەندیش، لە دەستبەسەر کراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی مەشهەد، پاش پەسند کران لە دیوانی عالیی ئەو وڵاتە، جێبەجێ کرا.
ئەم دوو هاووڵاتییە بەوە تۆمەتبار کرابوون کە لە ڕووداوەکانی ناوچەی تەبرەسی مەشهەد کە بووە هۆی کوژرانی چوار هێزی ئەمنیەتی، دەستیان هەبووە. هێرش بۆ سەر فرۆشگەیەکی زنجیرەیی و ئاگر تێبەردانی بە کۆکتێلمۆلۆتۆف، ئاگردانی بانکێک و تێکدانی مڵک و ماڵی گشتی، لەو تۆمەتانەی بوون کە وە پاڵیان درابوون.
هەر وەها، وا بانگەشە کراوە کە ئەم دوو کەسە لە ڕەوتی لێپرسینەوە و دانیشتنەکانی دادگادا ددانیان بە دروست بوونی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان ناوە. لەگەڵ ئەمەیشدا، وردەکاریی ڕەوتی دادپرسی، شێوەی دەستڕاگەیشتنی ئەو کەسانە بە پارێزەری هەڵبژێردراو و هەلومەرجی وەرگرتنی ئەو ددان پێدانانە بڵاو نەکراوەتەوە.
