بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، لە سەروبەندی ٢٥ی خەرمانان و ساڵیادی دەستپێکردنی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، فشارەکانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە ژمارەیەک شار و ئاوایی کوردستان زیادی کردووە. پەیوەندییە ئەمنییەکان و بانگ کردن لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و هەڕەشەکردن لە چالاکوانان، لەگەڵ زیادبوونی بوونی هێزە ئەمنییەکان و کەشوهەوای سەربازی و ئەمنی بەرچاو لە هەندێک ناوچەدا ڕاپۆرت کراوە.
سەرچاوەکانی هانا باس لەوە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، چالاکییە مەدەنییەکان، یان پێشینەی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ پەیوەندی بە ژمارەیەک چالاکوانەوە کراوە کە پێشتر هەندێکیان دەستگیرکرابوون. لە هەندێک حاڵەتدا ئەفسەرەکان بە ڕوونی داوایان لەم کەسانە کردووە کە خۆیان لە بڵاوکردنەوەی بابەت، بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان، یان هەر چالاکیەکی گشتی لە ڕۆژانی پێش یادەکە بەدوور بگرن و بە سەپاندنی سزای قورس هەڕەشەیان لێکردوون.
ئەم فشارانە لە دۆخێکدا جێبەجێ دەکرێن کە کۆمەڵگای کوردستان لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی بارودۆخی شەڕ و بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی ژیان و دابەزینی بێ وێنەی بەهای دراوی نیشتمانی دەبێتەوە. لە کەشێکی وادا زیادبوونی هێزی چەکدار، بازگەکان و کۆنترۆڵی ئەمنی هاووڵاتیان وایکردووە کەشوهەوای بەشێک لە شارەکانی کوردستان هێندەی تر میلیتاریزە و ئەمنیەتی بێت.
ئەوەی ئێستا بۆ هانا ڕاپۆرت دەکرێت، تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی دیاریکراو کە کرابێت نیە. بەشێکی بەرچاو لەم فشارە سروشتی خۆپارێزیی هەیە و ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە دەزگا ئەمنییەکان پێیان وایە لەوانەیە بەشداری چالاکیی مەدەنی بکەن، بابەت بە ناوەرۆکی ناڕەزایەتی بڵاوبکەنەوە، یان بەشداری لە گردبوونەوەکان بکەن. هەروەها بەکارهێنانی پەیوەندی تەلەفۆنی و بانگ کردنی نافەرمی ڕێگە دەدات فشاری ئەمنی بەبێ دەرکردنی بەڵگەی بانگ کردنی فەرمی و لە دەرەوەی پرۆسەیەکی دادوەری شەفاف بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تێکەڵبوونی قەیرانی ئابووری و بارودۆخی شەڕ و ساڵڕۆژی یەکێک لە گرنگترین بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو، جارێکی دیکە کوردستانی خستۆتە ناوەندی کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەکانەوە. گۆڕینی چالاکیی مەدەنی، بڵاوکردنەوەی نووسینێک، یان تەنانەت ئەگەری بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ئاشتیانەدا بۆ بابەتێکی دەستێوەردانی ئەمنی، ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتێک کە لەبری قبوڵکردنی مافی ناڕەزایەتی و ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە، لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردنی پێشوەختەی کۆمەڵگا و سنووردارکردنی فەزای گشتی دامەزراوە.
