بانگ کردن و هەڕەشە لە بنەماڵەی ئەندامانی هانا؛ کردەوەیەکی تۆڵەسێنەرانە بەرامبەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕادەگەیەنێت کە بەدوای ڕووماڵکردنی بەربڵاوی مانگرتنی ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان، ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە لە ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و بەهۆی چالاکییە مافی مرۆڤیەکانی کەسوکاریانەوە که‌وتوونه‌ته‌ بەر هەڕەشە و گوشار.

هانا ئەم کردەوانە بە توندی مەحکووم دەکات و پێداگری دەکات کە بانگ کردن، هەڕەشە و خستنەژێر گوشاری ئەندامانی بنەماڵەکان بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر چالاکییە مافی مرۆڤییەکانی کەسوکاریان، نموونەیەکی بەرچاوی هەڕەشە و کردەوەیەکی تۆڵەسێنەرانەیە بەرامبەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ. بەرپرسیار دانانی کەسەکان بەهۆی چالاکی یان هەڵوێستی کەسوکاریان، هیچ پاساوێکی یاسایی نییە و پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی و پێوەرە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤە.

داکۆکیی ئاشتییانە لە مافی مرۆڤ، بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەیان، لەو چالاکییە ڕەوایانەن کە لەلایەن یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتییەوە پارێزراون و ناتوانن لە خۆیاندا ببنە بنەمای یاسایی بۆ بانگهێشتکردن، هەڕەشە، بەدواداچوون یان خستنەژێر گوشاری چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی بنەماڵەیان.

هانا پێداگری دەکات کە سەپاندنی گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، نە شەرعییەتی یاسایی هەیە و نە دەتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم بەردەوامیی چالاکییە سەربەخۆکانی هانا لە بەڵگەدارکردن، ئاگادارکردنەوە و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین