بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتوونەتە بەردەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، موحسین ئەسەدی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی کامیاران، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، چەندین مەئموور بە ئۆتۆمبێلی شەخسی چوونەتە ناو دووکانی کەلوپەلی نێوماڵی ئەم هاووڵاتییە و بەبێ خستنەڕووی حوکمی دادگا، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
موحسین ئەسەدی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتە ئەگەرییانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییەش ڕانەگەیەندراون.
