ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بڵاوکردنەوەی فێرکاریی بەکارهێنانی چەکی جەنگیی کڵاشینکۆف لە تۆڕی ئۆفۆقی سەداوسیمای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە کارێکی مەترسیدار، نابەرپرسانە و بە ڕوونی دژ بە پرەنسیپەکانی مافی منداڵان، ئاسایشی گشتی، تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە و بەڵێننامە مافە مرۆییەکانی حوکومەتی ئێران دەزانێت.
لەو ڤیدیۆیەدا کە بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی شێوازی بەکارهێنانی چەکی جەنگی لەبەردەم کامێرادا فێر دەکات و پێشکەشکاری بەرنامەکەش لە کۆتاییدا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەو چەکە تەقە دەکات. بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێکی ئاوا لە میدیای حوکومەتییەوە، بێ سنووردارکردنی تەمەن، هۆشداریی سەلامەتی، ڕوونکردنەوە لەسەر مەترسییەکانی چەکی گەرم یان هەر جۆرە چوارچێوەیەکی پێشگیرانە، نیشانەیەکی ڕوونی بێبایەخیی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامییە بە ئاسایشی دەروونیی منداڵان و مێردمنداڵان.
ئەم بەرنامەیە ناتوانرێت تەنیا وەک هەڵەیەکی میدیایی سەیر بکرێت. سەداوسیمای کۆماری ئیسلامی، وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەی حوکومەت، ساڵانێکە لە خزمەت ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، پیرۆزکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، و نیشاندانی چەک وەک هێمای دەسەڵات و شانازیدایە. فێرکاریی نمایشیی بەکارهێنانی کڵاشینکۆف لە بەرنامەیەکی گشتیدا، بەردەوامیی ئەم سیاسەتە مەترسیدارەیە؛ سیاسەتێک کە سنووری نێوان فێرکاری، پڕوپاگەندەی سەربازی و هاندانی کولتووری بۆ توندوتیژی بە ئەنقەست لێڵ دەکات.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، حوکومەتی ئێران پێویستە پارێزگاری لە مافی ژیان، ئاسایشی کەسی و تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە بکات. ماددەی ٣ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ جەخت لەسەر مافی هەر مرۆڤێک بۆ ژیان، ئازادی و ئاسایشی کەسی دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامی لەبری داکۆکیکردن لە ئاسایشی گشتی، چەکی جەنگی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و شیاوی چاو لێکردن (تەقلیدکردن) نیشان دەدات. کارێکی ئاوا لەگەڵ بنەمای بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لە پێشگیریکردن لە توندوتیژی، پاراستنی منداڵان و پاراستنی تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە، لە دژایەتییەکی ئاشکرادایە.
ئەم کارە بەتایبەت لە ڕوانگەی مافی منداڵانەوە پێشێلکارییەکی جددیی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە. بەپێی ماددەی ٣ی پهیماننامهی مافەکانی منداڵ، پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی منداڵ لە سەرجەم ئەو کارانەی پەیوەندییان بە منداڵانەوە هەیە، لە پێشینەدا بن. ماددەی ١٧ی ئەم پهیماننامهش دەوڵەتان پابەند دەکات کە دەستڕاگەیشتنی منداڵان بەو زانیارییانە مسۆگەر بکەن کە لە پێناو خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، تەندروستیی دەروونی و گەشەی ئەخلاقیی ئەواندایە. بڵاوکردنەوەی فێرکاریی چەکی جەنگی لە تەلەفزیۆنی حوکومەتییەوە نەک هەر لەگەڵ ئەم بەڵێنانەدا ناگونجێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە ئاڕاستەی پێچەوانەی ئەودا کار دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە منداڵان و مێردمنداڵان، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕووبەڕووی سەرکوت، توندوتیژیی سەر شەقام، ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان و پڕوپاگەندەی سەربازی دەبێتەوە، لەبەردەم ناوەڕۆکێکی ئاوادا زیاتر بێبەرگرین. نیشاندانی چەک لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، هاوڕێ لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ و دروستکردنی جۆش و خرۆشی میدیایی، دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژیی چەکداری بە شێوازێکی ئاسایی، سەرنجڕاکێش و شیاوی چاو لێکردن پیشان بدرێت. ئەمەش نەک هەر تەندروستیی دەروونیی مێردمنداڵان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو کولتووری گشتیش بەرەو قبووڵکردنی توندوتیژیی ڕێکخراو دەبات.
لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆییەوە، ئەم جۆرە نیشاندانە لەگەڵ پەیامی گشتیی سیستمی سزادان سەبارەت بە چەکی گەرم لە دژایەتیدایە. بەپێی یاسای سزادانی قاچاخی چەک و تەقەمەنی و هەڵگرانی چەک و تەقەمەنیی نایاسایی، هەڵگرتن، ڕاگرتن و بەکارهێنانی چەکی جەنگی بۆ کەسانی ڕێپێنەدراو قەدەغەیە و لە چەندین حاڵەتدا بە تاوان ناسێنراوە. بۆیە، نیشاندانی سەرنجڕاکێشی بەکارهێنانی چەکی جەنگی لە میدیای فەرمیی حوکومەتدا، سنووری نێوان قەدەغەکردنی سزایی و شەرعییەتپێدانی میدیایی بە توندوتیژیی چەکداری لێڵ دەکات و پەیامێکی دژ بەیەک بە منداڵان، مێردمنداڵان و گشتیی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم کارە بە بەشێک لە ڕەوتی مەترسیداری سەربازیکردنی فەزای گشتی، لەناوبردنی هەستیاریی کۆمەڵگە بەرامبەر بە توندوتیژی و خراپبەکارهێنانی میدیای دەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی مۆدێلە ئەمنی و سەربازییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا دەزانێت.
حوکومەتێک کە خۆی بەرپرسی سەرکوتی توندوتیژانەی هاووڵاتییان، تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بەربڵاوکردنی فەزای ئەمنییە لە کۆمەڵگەدا، ناتوانێت هاوکات بانگەشەی پاراستنی ئاسایشی گشتی بکات و میدیای فەرمیی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی چەکی جەنگی بەکار بهێنێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە بواری پاراستنی منداڵان، تەندروستیی دەروونی و چاودێریکردنی میدیاکان دەکات کە هەستیاری بەرامبەر بە لێکەوتەکانی ئەم جۆرە بەرنامانە نیشان بدەن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی هاوشێوە بکەن. میدیا گشتییەکان پابەندن لە هەر جۆرە نیشاندانێک کە توندوتیژیی چەکداری بە سەرنجڕاکێش، شانازیپێکراو، فێرکاری یان شیاوی چاو لێکردن پیشان دەدات، خۆیان بپارێزن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە فێرکاری و نیشاندانی چەکی جەنگی لە میدیای حوکومەتیدا، ئەویش لەبەردەستی منداڵان و مێردمنداڵاندا، نە کات بەسەربردنە و نە فێرکاریی گشتی؛ بەڵکوو شێوازێکە لە شەرعییەتپێدانی میدیایی بە توندوتیژیی ڕێکخراو و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە دژ بە ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە.
