بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، شارۆمەندێک بە ناوی یاسر حسێنی تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی ئاوایی “ئەڵک”ی سەر بە شاری کامێران، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بە شێوەی توندوتیژانە و بە لێدان دەستبەسەر کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی مەدەنی، هەڵیانکوتاوەتە سەر دوکانی ئەم شارۆمەندە لە کامێران و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەریان کردووە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگوێزاوە.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەستبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە هیچ جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکەی نەدراوە.
