بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “سیروان شەعبانی”، تەمەن ٢٥ ساڵ، هونەرمەند، ژەنیار و سەرپەرشتیاری ئۆرکێسترای پۆپ و نەریتی، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شارۆچکەی واڤانی ئیسلامشەهر، لەگەڵ “خەسرەو محەممەدینیا” و “مەسعوود تووشماڵانی”، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی کرماشان، لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی و دادوەر تەقیزادە، بە تۆمەتی (مۆحاربە) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەم سێ هاووڵاتییە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ن و ئێستا لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج ڕاگیراون.
ئەم هاووڵاتییانە، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە ئیسلامشەهری پارێزگای تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای دەستبەسەرکردن، ماوەیەک لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا بوون. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەوان دوای چەندین مانگ ڕاگرتن لە دۆخی تاکەکەسی و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، بۆ زیندانی قزڵحەساری کەرەج گوێزراونەتەوە. لەم نێوەندەدا، مەسعوود تووشماڵانی بۆ ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و دواتر دیسان دەستبەسەر کرایەوە.
شایانی باسە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکە، دۆخی دەستڕاگەیشتنی ئەم زیندانییانە بە پارێزەر و کاتی ڕاگەیاندنی فەرمیی سزاکە لەبەر دەستدا نییە.
