بەپێی زانیارییەکانی «هانا»، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی گوڵانی ١٤٠٥، سزای لەسێدارەدانی عامر ڕامش، بەندکراوی سیاسیی بەلوچ، لە یەکێک لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کرا. عامر ڕامش تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی ئەڵڵاهینبەخش و خەڵکی گوندی «بڵینکی» سەر بە ناوچەی پیرسۆهراب بوو.
ئاژانسی هەواڵی «میزان»، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاندووە کە ئەم بەندکراوە بە تۆمەتی «بەغی» (ڕاپەڕینی چەکدارانە دژی دەسەڵات) لەسێدارە دراوە. دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەروەها بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە عامر ڕامش ئەندامی گرووپی «جەیشولعەدل» بووە و پەیوەندیی بە گرووپێکەوە هەبووە بە ناوی «دادخوازانی بەلوچ».
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، عامر ڕامش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لە کاتی هێرشی هێزە سەربازییەکان بۆ سەر دوکانێکی عەتاری، تەقەی لێکرا و بریندار بوو، پاشانیش دەستبەسەر کرا. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون و جێی متمانە سەبارەت بە پڕۆسەی دەستبەسەرکردن، دۆخی ڕاگرتن، شێوازی لێکۆڵینەوە، چۆنیەتیی دادگاییکردن و بنەمای بەڵگەکان و هەروەها ڕادەی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەری سەربەخۆ، بڵاو نەکراوەتەوە.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دۆسیەیەکدا کە زانیارییە گشتییەکان دەربارەی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی سنووردار و تەمومژاوییە، نیگەرانییەکی جدی لەسەر ڕەچاوکردنی گەرەنتییە سەرەتاییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دروست دەکات. لە ڕوانگەی یاساکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییەوە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دۆسیەیەکدا کە گومان و تەمومژی جدی لەسەر پڕۆسەی دادگاییکردن، متمانەپێکراوی بەڵگەکان، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری کاریگەر هەیە، لەگەڵ بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی ژیان و پابەندبوونە مافە مرۆییەکانی دەوڵەتدا دژایەتی هەیە.
«هانا» وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی عامر ڕامش، نیگەرانیی جدی خۆی سەبارەت بە بەردەوامیی بەکارهێنانی بەرفراوانی سزای لەسێدارەدان دژی هاووڵاتییانی بەلوچ دەردەبڕێت. بەپێی داتا تۆمارکراوەکان، لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، لانی کەم ١٣٧ بەندکراوی بەلوچ لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون؛ ئامارێک کە نیشاندەری ڕەوتێکی نیگەرانکەرە لە زیادبوونی بەکارهێنانی سزای مەرگ، بەتایبەت دژی هاووڵاتییانی بەلوچ.
هانا داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ڕاپۆرتنێری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕاپۆرتنێری تایبەتی لەسێدارەدانە دەرەیاساییەکان و هەموو میکانیزمە چاودێرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بەرامبەر بە ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان، بەتایبەت دژی بەندکراوانی سیاسی، ئەمنی و هاووڵاتییانی بەلوچ، کاردانەوەی بەپەلەیان هەبێت و داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان ڕابگرن و ئەو دۆسیانەی کە سزای مەرگیان بۆ بڕاوەتەوە، لەسەر بنەمای پێوەرە دادپەروەرانە و شەفافەکاندا پێداچوونەوەیان بۆ بکەنەوە.
