ئاگاداریی هانا سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە ورمێ

​بەپێی زانیارییەکانی هانا، سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بەندکراوە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم سزایە پێشتر لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” دەرچووبوو. بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم سزایە، مەترسیی جێبەجێکردنی دەستبەجێی سێدارەکەی بە شێوەیەکی جیددی زیادی کردووە.

​هانا پێشتر لە ڕێکەوتی ۲۶ی خاکەلێوەی ۱۴۰۴دا ڕاپۆرتی دابوو کە سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، کە لە لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و هاوکاری لەگەڵ مۆساد” دەرچووبوو، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشاوەتەوە. لە هەمان ڕاپۆرتدا، هانا هۆشداریی دابوو سەبارەت بە بەردەوامیی دۆخی نادیاری ئەم زیندانییە سیاسییە و مەترسیی دووبارە دەرکردنەوەی سزای سێدارە دژی ناوبراو. هانا هەروەها ڕایگەیاندبوو کە بەکرزادە دوای دەستبەسەرکردنی لە بەفرانباری ۱۴۰۲دا، بۆ ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ لەژێر لێپرسینەوەدا بووە و بەپێی زانیاریی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەکەی، لە قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەدا لە مافە سەرەتاییەکانی، لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەش کراوە.

​ئێستا، پشتڕاستکردنەوەی دووبارەی سزای سێدارە نیشانی دەدات کە نیگەرانییەکانی پێشووی هانا سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سزای مەرگ بەبێ لادانی کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی پرۆسەی دادگاییکردنەکە هاتووەتە دی. هەڵوەشاندنەوەی پێشووتری حوکمەکە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، دەبوو ببێتە هۆی لێکۆڵینەوەیەکی دووبارەی ڕاستەقینە، هەڵسەنگاندنی سەربەخۆیانەی بەڵگەکان، چاککردنی کەموکوڕییە شێوەیی و جەوهەرییەکان و دەستەبەرکردنی کاریگەرانەی مافەکانی بەرگریکردنی تۆمەتبار؛ نەک دەرکردن و پشتڕاستکردنەوەی دووبارەی حوکمی لەسێدارەدان لە پرۆسەیەکدا کە هێشتا لێڵی، پەلەکردن و نەبوونی ڕوونییەکی پێویستی پێوە دیارە.

​بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە هانا، ڕۆژی شەممە ۵ی بانەمەڕی ۱۴۰۵، ناسر بەکرزادە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بانگکراوە و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەکەی لە دیوانی باڵای وڵات پێ ڕاگەیەندراوە. بەپێی هەمان زانیاری، عەبدوڵڵازادە، بەرپرسی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە کاتی ڕاگەیاندنی سزاکەدا، هەڕەشەی جێبەجێکردنی دەستبەجێی سێدارەی لێ کردووە. دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی بەکرزادە بەرامبەر بە شێوازی هەڵسوکەوت و ڕاگەیاندنی سزاکە، لەلایەن ناوبراوەوە سوکایەتیی پێ کراوە و بە توندی لێی دراوە.

لە ئەگەری ڕاستیی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئەو ڕەفتارەی دراوەتە پاڵ بەرپرسی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، جگە لەوەی پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی بەندکراوەکەیە، دەکرێت وەک نموونەیەک بۆ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێکی بێبەشکراو لە ئازادی و پێشێلکردنی ئەرکە یاساییەکانی بەرپرسانی بەندیخانە لە پاراستنی تەندروستی، ئاسایش و ناوبانگی سزادراوان هەژمار بکرێت.

​پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە تەنیا نزیکەی ۱۰ ڕۆژ دوای ناردنی دۆسیەکە بۆ دیوانی باڵای وڵات ڕوویداوە. پەلەکردنێکی لەم شێوەیە، بەتایبەت لە دۆسیەیەکدا کە دەبێتە هۆی سزای سەندنەوەی ژیان (لەسێدارەدان) و پێشینەی هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەیە، گومان و پرسیاری جدی لەسەر کوالێتیی لێکۆڵینەوەی پێداچوونەوە، پێداچوونەوەی کاریگەرانە بە تانەکانی بەرگری، هەڵسەنگاندنی وردی بەڵگەکان و ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دروست دەکات.

لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆییەوە، بنەماکانی ۳٤، ۳٥، ۳٨ و ۳٩ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مافی دادخوازی، مافی هەبوونی پارێزەر، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە، و ڕێگری لە بێڕێزیکردن بە کەرامەت و ناوبانگی کەسانی دەستبەسەرکراو یان بەندکراویان دەستەبەر کردووە. هەروەها، بەپێی ماددەکانی ٦ و ۱٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کە ئێران تێیدا ئەندامە، دەبێت مافی ژیان و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بەتەواوی ڕەچاو بکرێن. دەرکردن یان جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە دۆسیەیەکدا کە لەگەڵ بانگەشەی ئەشکەنجە یان خراپ مامەڵەکردن، بێبەشکردن لە پارێزەر، سنووردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ خێزان، لێڵبوونی بەڵگەکان، یان لێکۆڵینەوەی خێرا و پەلەپەلدا بێت، بە پێشێلکارییەکی جدیی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەت لە بواری مافەکانی مرۆڤدا دادەنرێت.

​هانا وێڕای شەرمەزارکردنی پەسندکرانی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، هۆشداریی بەپەلە دەدات سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە کاتێکی نزیکدا و داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەجێ ڕابگرن؛ هەروەها داوا دەکات ئەو بانگەشانەی کە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی بەرگری، خراپ مامەڵەکردن و لێدان و کوتان لە کاتی ڕاگەیاندنی سزاکەدا هەن، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و کارا لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت و دۆسیەکە لە پڕۆسەیەکی شەفاف، سەربەخۆ و دادپەروەرانەدا، کە لەگەڵ پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا بگونجێت، دووبارە پیاچوونەوەی بۆ بکرێتەوە.

هانا هەروەها داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات، لەوانە ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕاپۆرتنێری تایبەتی لەسێدارەدانی دەرەکی، خێرا یان سەرەڕۆیانە، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی تری داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، کە هەڵوێستی بەپەلەیان بەرامبەر بەم دۆسیەیە هەبێت.

ناسر بەکرزادە دوای ڕاگەیاندنی سزای سێدارەکەی، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاواڵا بۆ ڕای گشتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، داوای پشتگیریی نێودەوڵەتی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە:

سڵاو و ڕێز بۆ هاونیشتمانیانی ئازیز و هاوزمانە کوردە بەغیرەتەکانم،

​من ناسر بەکرزادەم و دەنگی من لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە دەبیستن. ڕەنگە ئەمە دوا دەنگی من بێت. من کوڕی مەلا مەنسوورم، تەمەنم ٢٦ ساڵە و دوو خوشکی لە خۆم بچووکترم هەیە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا، کاتێک لە لووتکەی ئاواتەکان و حەزی ژیاندا بووم، دەستبەسەر کرام.

​دایک و باوکم لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرکردنمەوە تا ئەمڕۆ، هەموو ڕۆژێک مردوون و زیندوو بوونەتەوە.

​خەمی دووری و فیراق، لەسەر شانیان قورسیی کردووە و لە گەرمەی گەنجیدا، پیر و شکەستە بوون. سەردەمێک دڵخۆش بوون و ئاواتیان دەخواست کوڕە تاقانەکەیان لە جلی زاوانیدا ببینن. چەند ڕۆژ پێش دەستبەسەرکردنم بڕیار بوو بچین بۆ داخوازی و ئێستا ٤ ساڵە ئەو کچە چاوەڕێی منە. هەر ئێستاش کە چەند کاتژمێرە هەواڵی پەسندکردنی سزای سێدارەکەم بیستووە، نازانم چۆن تەلەفۆنی بۆ بکەم و پێی بڵێم کە حوکمەکەم پەسند کراوە و بڕیارە لەسێدارە بدرێم.

​دوای تەواوکردنی خوێندنی قوتابخانە، بەپێی بڕیاری باوکم و ئەو حەزەی خۆم هەمبوو، دەستم بە خوێندن لە قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی لە پیرانشار کرد. دوای دوو ساڵ خوێندن، بەهۆی بارودۆخی بنەماڵەکەمەوە، بڕیارم دا بەشێک لە باری بەرپرسیارێتی لەسەر شانی باوکم لابدەم و دوکانێکی فرۆشتنی مۆبایلم لە ورمێ دانا.

​لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ دەستبەسەر کرام و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سوپادا ڕاگرام و کەوتمە ژێر توندترین ئەشکەنجەی دەروونی. لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دوای دوو دانیشتنی دادگا لە هاوینی ١٤٠٣دا، لە پاییزی هەمان ساڵدا بەبێ خستنەڕووی بەڵگە و دۆکۆمێنتی پێویست، سزای سێدارەی بۆ دەرکردم.

​ئەم سزایە لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات، بەهۆی نەبوونی بەڵگە و نیشانەی یاسایی، هەڵوەشایەوە. دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ کرا، بەڵام هەمان دادگا بۆ جاری دووەم، لە ژێر سێبەری شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، دووبارە سزای سێدارەی دەرکردەوە. ئەم سزایەش جارێکی تر لە پاییزی ١٤٠٤ لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵا هەڵوەشایەوە و بێتاوانیی من پشتڕاست کرایەوە.

​کەچی، دۆسیەکە بۆ جاری سێیەم گەڕایەوە بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی وڵات لە بەفرانباری ١٤٠٤دا، بۆ جاری سێیەم، سزای سێدارەی من لەسەر بنەمای نامەیەک کە لە جارەکانی پێشوو کۆپی کرابوو، دەرکرا. ئەم سزایە ئەمڕۆ بەیانی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات و لە بارودۆخی جەنگیی حاکم بەسەر وڵاتدا، پەسند کرا.

​بیستنی سزای سێدارە ڕەنگە بۆ زۆربەی خەڵک جێی تێگەیشتن نەبێت، بەڵام ئەم سزایە جۆرێکە کە هیچ کەس و هیچ شتێک ناتوانێت تەحەمولی بکات. سێدارە منی کوشت، تێکی شکاندم و هەر ساتێک مردنی خۆم دەبینم و بنەماڵەکەشم دەستەوەستان و کەنەفت کردووە. بە تەنیشت ئەم نامەی سێدارەیەدا بە ئاسانی تێپەڕ مەبن، ئەمڕۆ نۆرەی منە و سبەی نۆرەی کەسێکی تر.

​لە هاونیشتمانیانی ئازیزم، لە کوردە بەغیرەتەکان لە ناوخۆی وڵات و هەر شوێنێکی دونیا، و لە مامۆستا ئایینییەکان کە من یەکێک لە فەقێکانی ئەوان بووم، تکا دەکەم ببنە دەنگی بێدەنگیی من. دەنگی من بگەیەننە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە لێبووردنی نێودەوڵەتی، و هەموو جیهان.

​ورمێ لەگەڵ هەموو ئێران جیاوازە. ئەمە لە ناخی دڵمەوە دەڵێم: یەکەم “تاوان”ی من کوردبوونم بوو و دوای ئەوەش، سوننە بوونم. بە هانامەوە بێن. من نە یەکەم کەسم و نە دوایین کەس دەبم.

​ناسر بەکرزادە
٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥
بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین