جێبەجێکردنی سزای قیساس لە دۆسیەی کوشتنی ئایدا حەیدەریان لە زیندانی ناوەندیی سنە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٥ی ژوئینی ٢٠٢٦)، حوکمی قیساسی نەفسی «ئارام زارعی» لە زیندانی ناوەندیی سنەدا جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر لەسەر کوشتنی بەئەنقەستی هاوسەرەکەی، «ئایدا حەیدەریان»، دەستبەسەر و لەلایەن دادگای کەیفەریی پارێزگای کوردستانەوە سزای قیساسی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە دوای پشتڕاستکردنەوە لە دیوانی باڵای وڵات، بە ئامادەبوونی خاوەن خوێنەکان جێبەجێ کراوە.
کوشتنی ئایدا حەیدەریان دەبێت لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتری توندوتیژیی ڕەگەزی و ژنکوژی لە ئێراندا لێک بدرێتەوە؛ لەو شوێنەی کە ژنان لە زۆر حاڵەتدا دەبنە قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، کۆنتڕۆڵی باوکسالارانە و نەبوونی میکانیزمە کاریگەرە پاڵپشتییەکان پێش ڕوودانی تاوان. سیستەمی سزای کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ڕێگریکردن، پاڵپشتیی خێرا لەو ژنانەی کە لە مەترسیدان و دروستکردنی میکانیزمی کاریگەر بۆ سکاڵا و دەستێوەردان، زۆرجار تەنیا دوای ڕوودانی کوشتنەکە دێتە نێو گۆڕەپانەکەوە.
لە هەمان کاتدا، جێبەجێکردنی سزای سێدارە یان قیساس نیشانەی کارامەیی دادپەروەرانەی سیستەمی سزا نییە. وەڵامی سزایی لەسەر بنەمای زەوتکردنی ژیان، بەبێ چاککردنی ئەو پێکهاتانەی کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنن، نەک هەر ناچێتە نێو ڕەگی ژنکوژییەوە، بەڵکوو هیچ گەرەنتییەکیش بۆ پاڵپشتی لەو ژنانەی لە مەترسیدان دروست ناکات. ئەم جۆرە دۆسیانە زیاتر لەوەی نیشاندەری بەدیهاتنی دادپەروەری بن، نیشاندەری ناکارامەیی دوو لایەنەی سیستەمی سزای ئێرانن: شکستهێنان لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان پێش ڕوودانی کوشتن، و پەنابردن بۆ سزای مردن دوای ڕوودانی کارەساتەکە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی وەڵامدەرەوەبوون بەرانبەر بە کوشتنی ئایدا حەیدەریان، وەبیر دەهێنێتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەقینەی ژنکوژی پێویستی بە پاڵپشتیی یاساییی کاریگەر لە ژنان، دەستڕاگەیشتنی بێ‌مەترسی بە ناوەندە پاڵپشتییەکان، پێڕاگەییشتنی سەربەخۆ و دادپەروەرانە و وەلانانی سیاسەتی سزایی لەسەر بنەمای سێدارەیە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، میدیا فەرمییەکان و ناوەندەکانی سەر بە دەزگای دادوەری دەربارەی جێبەجێکردنی ئەم حوکمە هیچ زانیارییەکی فەرمییان بڵاو نەکردووەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین