بەردەوامیی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی سیروان حەبیبی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، دوای دەستبەسەرکرانی لە کامیاران

بەپێی بەیاننامەیەکی بڵاوکراوە لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سیروان حەبیبی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و لە ئەندامانی ئەم پارتە، بەرەبەیانی چوارشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی لە شارۆچکەی بەعسی شاری کامیاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، هێشتا شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ناوبراو نادیارە.

لەسەر بنەمای زانیارییە بڵاوکراوەکان، دەستبەسەرکردنی حەبیبی دەوروبەری کاتژمێر یەکی بەرەبەیان و دوای شوێنکەوتنی ماتۆڕسکیلەکەی ئەنجام دراوە. بەپێی گێڕانەوەی پژاک، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی شوێنکەوتنەکەدا کێشاویانە بە ماتۆڕسکیلەکەیدا و حەبیبی دوای کەوتنەخوارەوە، بە توندوتیژی و لێدان و کوتان دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

پژاک هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوابەدوای ئەم ڕووداوە و گردبوونەوەی ژمارەیەک لە خەڵک لەو شوێنەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بڵاوەپێکردنی ئامادەبووان دەستیان داوەتە تەقەی هەوایی. لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە برینداربوونی ئەگەریی هاووڵاتییان لە کاتی تەقەکردنەکەدا نەکراوە.

هەر بەپێی بەیاننامەی ئەم پارتە، سیروان حەبیبی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا چەکی پێ نەبووە و بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی ڕێکخراوەیی لەو شوێنەدا ئامادە بووە. پژاک هەروەها ئیدیعای کردووە کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا کەوتووەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە، بەڵام وردەکاریی زیاتر دەربارەی جۆر و ئاستی زیانە ئەگەرییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە دۆخی ئەم ئەندامەی، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری پاراستنی گیان و تەندروستیی ناوبراو دەزانێت و داوای لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بەدواداچوون بکەن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین