دەستبەسەرکردنی دوو کاسبکاری خەڵکی سنە دوای بانگ کردنیان بۆ ئیدارەی چاودێری شوێنە گشتییەکان (ئەماکن) لە سەروبەندی بانگەوازی مانگرتنی گشتی حزبە کوردستانییەکان

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، جەلال خودامورادی، تەمەن ٤٦ ساڵ، و موحسین حوسێن‌پەناهی، تەمەن ٣٧ ساڵ، دوو کاسبکاری خەڵکی سنە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، دوای سەردانیان بۆ ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.


لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان بۆ هانا، پێش دەستبەسەرکردنیان پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە کراوە و داوایان لێ کراوە بۆ پێشکەشکردنی بەڵێننامەی نووسراو سەردانی ئیدارەی ئەماکن بکەن. ناوەڕۆکی ئەم بەڵێننامەیە، خۆپاراستن لە داخستنی شوێنی کاسبی و بەشدارینەکردن لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان ڕاگەیەندراوە.


دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە سەروبەندی بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتیی کاسبکاران و بازاڕییان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی ژینا ئەمینی، ئەنجام دراوە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هانا چەندین ڕاپۆرتی لەسەر سەپاندنی گوشار بۆ سەر کاسبکاران و هەوڵی ناوەندە ئەمنی و ئینتیزامییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هاوڕێیەتییان لەگەڵ ئەم مانگرتنە پێ گەیشتووە.


تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، شوێنی ڕاگرتنی جەلال خودامورادی و موحسین حوسێن‌پەناهی ڕوون نەکراوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتە ئەگەرییانەی خراونەتە پاڵیان، دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و ئەو ناوەندە دادوەرییەی کە پێڕاگەییشتن بە دۆسیەکەیان دەکات، لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین