بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥، حوکمی سێدارەی ئیبراهیم فەرهادی تۆپکانلوو، زیندانیی کوردی خەڵکی شارستانی سەبزەوار، لە زیندانی ناوەندیی توربەتی حەیدەریە جێبەجێ کرا.
ئەم زیندانییە تەمەن ٤٨ ساڵە، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە و پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەبزەوارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر «محەممەد غوڵامی»، بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، «حوکمی سێدارەی ئەم زیندانییە لەکاتێکدا جێبەجێ کراوە کە دۆسیەکەی هێشتا لە قۆناغی داواکاری پێداچوونەوەدا بووە.»
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران و دامەزراوە دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی، جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ئەم زیندانییەیان ڕانەگەیاندووە.
