بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پاش تێپەربوونی زیاتر لە چوار مانگ لە دەستبەسەرکردنی ئاسو کەیخۆسرەوی، مێرمنداڵی ١٧ ساڵە ،خەڵکی جوانڕۆ، چارەنووس و بارودۆخی بە تەواوی نادیارە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاسو کەیخۆسرەوی لە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ و لە ناو ناڕەزایەتییەکانی جوانڕۆ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە و بێبەڵگە و بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کراوە. سەرەڕای بەدوواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، دەزگا ئەمنیەتیەکان و دادوەرییەکان تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی راگرتن و باری تەندرووستی ناوبراو نەداوە.
ئەم مێرمنداڵە ژێر ١٨ ساڵە، لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا، لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی، لەوانە دەستگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی بێبەش کراوە و ئەوە بووتە هۆی نیگەرانیی جدیی سەبارەت بە باری تەندرووستی، دەروونی و یاسایی ناوبراو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە درێژەی دەستبەسەرکردنی کەسێکی ژێر ١٨ ساڵ لە دۆخێکی نادیار و بێبەشبوون لە مافەکانی بەرگری، پێشێلکردنی بنەماکانی دادگایی دادپەروەرانە و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەوانە ناوەڕۆکی کۆنوەنسیۆنی مافەکانی منداڵ و میثاقی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن بەرامبەر ئاسو کیخسروی بەردەست نییە.
