ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە پشتڕاستکردنەوە و کۆتاییبوونی حوکمی چوار ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەر ئەمیر ڕەحیمی، مامۆستای بەئەزموون و خاوەن پێداویستی تایبەتی خەڵکی شارستانی ئەزنا، ئەم پرۆسەیە بە نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافەکانی تۆمەتبار و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەزانێت.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەمیر ڕەحیمی، مامۆستا و بەڕێوەبەری دوو قوتابخانەی سەرەتایی گوندنشین لە پارێزگای لوڕستان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن لقی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای لوڕستانەوە بە چوار ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥ بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، دانیشتنی دادگا لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بێ ئامادەبوونی تۆمەتبار و پارێزەرەکەی و هەروەها بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی بەڕێوە چووە؛ بابەتێک کە دژایەتییەکی ئاشکرای لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، لەوانە مافی بەرگری کاریگەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر هەیە.
ئەمیر ڕەحیمی لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕۆژێک دوای خۆپیشاندانەکانی شارستانی ئەزنا، لە کاتی داکۆکیکردن لە یەکێک لە قوتابییەکانی لە هەمبەر هێزەکانی یەکەی تایبەتدا درایە بەر لێدان و کوتان و ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکەشی زیانی پێگەیشت. ناوبراو دوای دەستبەسەرکردن بۆ زیندانی دووروود گوازرایەوە.
بەڕێز ڕەحیمی بە ٣٤ ساڵ پێشینەی وانەبێژییەوە، بەدەست کەمئەندامییەکی توند لە هەردوو پێیدا دەناڵێنێت. بەپێی چوار ڕاپۆرتی دەرکراو لەلایەن پزیشکی دادوەریی جێگیر لە زیندانی دووروود، دۆخی جەستەیی ئەو بە شێوازێک وەسف کراوە کە بەرگەیگرتنی بارودۆخی زیندان و تەنانەت ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی کەسییش بۆ ئەو، مەترسی جدی لێدەکەوێتەوە. هەروەها دادوەری چاودێری زیندان، نەبوونی توانای جەستەیی ناوبراوی بۆ بەرگەیگرتنی دۆخی دەستبەسەری پشتڕاست کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش، داواکاری ئازادکردنی بە دانانی بارمتە ڕەت کراوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن و جێبەجێکردنی سزای زیندان بەسەر کەسێکدا کە ئەم دۆخە جەستەیییەی هەیە، بێ ڕەچاوکردنی ڕا و بۆچوونە پزیشکییەکان و پێویستییە یاسایییەکانی پاراستنی تەندروستی زیندانیان، بە پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە مافی تەندروستی، کەرامەتی مرۆیی و قەدەغەکردنی ڕەفتاری نامرۆڤانە یان سووکایەتیپێکەر دادەنرێت. هەروەها بێبەشکردنی تۆمەتبار لە ئامادەبوونی کاریگەر لە پرۆسەی دادگاییکردندا و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی بە مافەکانی بەرگریکردن، لەگەڵ پێوەرە دیاریکراوەکانی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و کۆنڤانسیۆنی مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکۆکە و دەبێتە هۆی نیگەرانی جددی لەسەر دۆخی جەستەیی و یاسایی ئەمیر ڕەحیمی لە ماوەی دەستبەسەریدا.
