بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «سامان زیندەپیل»، تەمەن ٤٠ ساڵ، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و دەرچووی بەشەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی، لە ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٧ی ژوئینی ٢٠٢٦)، دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەی «باغ سیسە»ی ئەم شارە، تا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە و هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر شوێنی ڕاگرتن یان بارودۆخی ناوبراو نەدراوە بە بنەماڵەکەی.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، دوای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی، هیچ کام لە ناوەندە بەرپرسەکان دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، ناوەندی پێڕاگەییشتن یان دۆخی یاساییی سامان زیندەپیل زانیارییان بڵاو نەکردووەتەوە.
هەروەها بنەماڵەکەی لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یان چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو بێبەش کراون و بەدواداچوونەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە بێ وەڵام مابووەوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکیش دەربارەی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر یان سوودمەندبوونی لە گەرەنتییە سەرەتایییەکانی دادرەسی
بڵاو نەکراوەتەوە.
زانیارییە گەیشتووەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیشانی دەدەن کە سامان زیندەپیل پێش دەستبەسەرکران پێشینەی پزیشکیی هەبووە و پێویستی بە چاودێریی بەردەوامی دەرمانی هەبووە. بەردەوامیی بێئاگایی لە دۆخی ناوبراو و نەبوونی دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکەی بە زانیارییە پزیشکییەکانی، نیگەرانیی جیدیی دەربارەی باری جەستەیی و ئاسایشی ناوبراو دروست کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە بەردەوامیی بێدەنگی لە چارەنووسی سامان زیندەپیل، داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بەبێ هیچ دواکەوتنێک، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو بە بنەماڵەکەی ڕابگەیەنن، دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی خێرا بە پارێزەری هەڵبژێردراو، خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو و پەیوەندی بە بنەماڵەی بۆ فەراهەم بکەن و تەواوی ماف و گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە بەپێی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، بەتایبەت میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ڕەچاو بکەن. هانا جەخت دەکاتەوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە، بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیان، تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی سامان زیندەپیل ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ناوەندە دەستبەسەرکەرەکان و بەرپرسانی دیکەدایە و هەر زیانێکی ئەگەری یان پێشێلکردنی مافە یاسایییەکانی، پێویستی بە وەڵامدەرەوەبوونی ئەم ناوەندانە دەبێت.
