ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، (۱۲ی مەی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان لە شاری بوکان هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “ئەمیر یووسفی”، خەڵکی گوندی “سڵامەت”ی سەر بەم شارەیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم دەستبەسەرکردنە بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری ئەنجام دراوە. بەڕێز یووسفی دوای دەستبەسەرکران، بۆ ماوەی ڕۆژێک لە دەستبەسەرگەی بوکان ڕاگیراوە و پاشان بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ناوەندە بەرپرسەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، دۆخی یاساییی دۆسیەکەی و ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵە یان پارێزەر نەداوە.
دەستبەسەرکردن بەبێ حوکمی دادوەری، گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی و بێدەنگبوون لە ئاست دۆخی یاساییی کەسی دەستبەسەرکراو، نیگەرانییەکی جیدی لەسەر ڕەچاوکردنی مافی ئازادی، ئاسایشی کەسی و گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دروست دەکات. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێ لەسەر دۆخی ئەمیر یووسفی، ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتن، هۆکاری دەستبەسەرکردن و دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە بنەماڵە و پارێزەر بۆ ناوبراو دەکات.
