بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “ئەحمەد مامشەریفی”، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، دوای نزیکەی ١١ مانگ دەستبەسەرکران و ڕاگرتن لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەحمەد مامشەریفی کوڕی عومەر، خەڵکی گوندی “سێلوێ” و نیشتەجێی پیرانشار، کە ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و تا کۆتاییی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا، بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری و لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواسترابووەوە. هەروەها بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نەبوو و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێ وەڵام مابوونەوە. ئەحمەد مامشەریفی لە تەواوی ماوەی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەریدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترابووەوە.
