بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رۆژی چوارشەممە ٢٣ی گولانی ١٤٠٥، «شەهرام پەسوپێش» خەڵکی گوندی «چیانە» سەر بە پیرانشار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکان هێرش دەکرێتە سەر ماڵی ناوبراو و بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاری دەگوازرێتەوە.
پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی راگرتن و بارودۆخی لە بەردەست نییە و بنەماڵەکەشی لە چارەنووسی بێئاگان. «شەهرام پەسوپێش» لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا لە مافی پەیوەندی لەگەڵ خێزان، چاوپێکەوتن و دەستگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دامەزراوە ئەمنیەتی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی راگرتن و دۆخی یاسایی ناوبراویان نەداوە و بەدوواداچوونەکانی بنەماڵە و نزیکەکانی تا ئێستا بێئاکام بووە. درێژەی نادیاری چارەنووسی «شەهرام پەسوپێش» و بێبەشکردنی لە مافە سەرەتایییەکان، لەوانە دەستگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی ئەو زیاتر دەکات.
هەر لەو پێوەندیەدا ، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی گولانی ١٤٠٥، «عێزەدین پەسوپێش» کوڕە مامی «شەهرام پەسوپێش»، لەلایەن هێزە ئەمنیەییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە گواسترابووەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانە ئەمنیەتیەکانی ورمێ.
