ئازادبوونی کاتیی «ئەستی محەمەدی» بە دانانی بارمتەی قورس

بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە «ئەستی محەمەدی»، تەمەن ٦٧ ساڵ، خەڵکی بوکان و دایکی دوو چالاکی سیاسیی کورد، پاش ١٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد بووە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەتیەکان شەوی دووشەممە ٢١ی گولانی ١٤٠٥، بە هەڵکووتانە سەر ماڵی ناوبراو لە بوکان، بێ بەڵگە و بڕیاری دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستبووە.

لە ماوەی دەستبەسەربووندا، بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و ڕەوتی دۆسیەکەی نەبووە ، هەروەها هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتیەکان سەبارەت بە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردنیان پێ نەدراوە.

ئەمە لەحاڵێکدابوو کە بەهۆی تەمەن و نەخۆشی و پێویستی بە چاودێری پزیشکی، نیگەرانییەکی جدی لەسەر دۆخی تەندروستی و دەستگەیشتنی بە دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی هەبووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەستی محەمەدی بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد بووە؛ بەڵام بەردەوامیی دۆسیەکەی، نیگەرانیی سەبارەت بە ئەگەری دووبارە بوونەوی دەستبەسەرکردنی هەرماوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین