ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا :«ئارمان مەعرەفەتی»٣٠ ساڵە،خەڵکی سەقز، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرپەرشتیی قازی سەڵەواتی بە سێدارە سزا دراوە.
بەپێی زانیارییە کانی هانا ، ئارمان مەعرەفەتی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتیە گشتیەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک گواستراوەتەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە. دواتر دۆسیەی بە تۆمەتی «محاربە» ئاراستەی لقەی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم زیندانییە ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بە بیانویی گواستنەوە بۆ زیندانی قزڵحەسار لە زیندانی تاران ڕاگواستراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی گواستنەوە و ڕاگرتنی بەردەست نییە.
جێگای ئاماژەیە کە ئارمان مەعرەفەتی لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردندا بە تەواویی بێبەش بووە لە مافی پارێزەری هەڵبژێردراو، و سزای سێدارەی لە ناو زینداندا پێی ڕاگەیەندراوە.
