ڕاگواستنی فوئاد قادری بۆ زیندانی دێزڵئاوای کرماشان پاش ئەشکەنجەدرانی لە گرتووخانەی ئەمنییەتیدا

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، فوئاد قادری، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی سەروەردی سەر بە شارستانی جوانڕۆ و پەرستاری دانیشتووی سنە، پاش چەند ڕۆژ ڕاگرتنی لە یەکێک لە گرتووخانەی ئەمنییەتیدا، بۆ زیندانی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگوێزراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا تووشی شکانی چەند پەراسوویەک بووە و لە ئێستادا بەبێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان ڕاگیراوە.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، فوئاد قادری ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، لە ڕێگای نێوان ڕوانسەر بۆ کامێران، بەبێ خستنەڕووی هیچ جۆرە حوکمێکی قەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و پاش گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ خراوەتە ژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەوە.

ڕاپۆرتە گەیشتووەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ڕاگرتنیدا لە گرتووخانەی ئەمنییەتیدا، ئەشکەنجە دراوە و لە ئەنجامدا چەند پەراسوویەکی شکاون. سەرەڕای ئەم برین و زیانە جەستەیییە، تا ئێستا دەرفەتی وەرگرتنی خزمەتگوزاری و چاوەدێریی پزیشکیی بۆ نه‌ڕەخساوە.
هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی فوئاد قادری، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە و بردوویانن.

جێگەی ئاماژەیە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژ بە فوئاد قادری هیچ زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە. ناوبراو هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش کراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین