ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە گێڕانەوە لە ڕوکنا ڕادەگەیەنێت؛ ژنێکی تەمەن نزیکەی ٤٠ ساڵ لە تاران بە دەستی هاوسەرەکەی کوژراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە دانیشتووانی باڵەخانەیەک لە گەڕەکی حەفتچناری تاران، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش، بابەتەکەیان بە پۆلیس ڕاگەیاند. مەئموورەکان دوای چوونە ناو شوێنەکە، تەرمی ئەم ژنەیان دۆزییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوکنا، هاوسەری ئەم ژنە کە دەستبەسەر کراوە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە دوای دەمەقاڵێیەک لەسەر مارەیی، هاوسەرەکەی پاڵ پێوە ناوە و بەرکەوتنی سەری لەگەڵ زەوی بووەتە هۆی مردنی. هەروەها لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشان دەدەن کە تۆمەتبار دوای ڕوودانی کوشتنەکە، نزیکەی هەفتەیەک لە هەمان ماڵ و لە تەنیشت تەرمی هاوسەرەکەی ژیاوە. لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم دۆسیەیە هێشتا بەردەوامن.
بەپێی بەڵگەنامەکردنەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ شەڕی ئەم دواییە و بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بابەتە ڕاپۆرتکراوەکانی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە. هەروەها، زانیارییە گەیشتووەکان بە هانا نیشان دەدەن کە لە قۆناغی دوای شەڕیشدا، توندوتیژیی خێزانی و توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا ڕەوتێکی زیادبوونی هەبووە.
