زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی دوو کچە وەرزشوانەکەی خەڵکی سەقز

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،گوشار و بەربەستەکان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دژ بە بنەماڵەی دوو کچە وەرزشوانەکەی خەڵکی سەقز ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، دامەزراوە ئەمنییەکان لەڕێگەی خستنەژێر گوشاری ئەندامانی بنەماڵەکانیان و دروستکردنی بەربەست لە پەیوەندییەکانیاندا، هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕوونکردنەوە لەسەر دۆخی ئەم دوو وەرزشوانە و ئەو ڕێوشوێنانەی دژیان گیراونەتە بەر.

هەر لەم پەیوەندیەدا،ئایدا قادری وەرزشوانی خەڵکی سەقز،ئەویش ڕووبەڕووی گوشاری ئەمنی بووەتەوە و مۆبایلەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستی بەسەردا گیراوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، دەستڕاگەیشتنی دەزگا ئەمنییەکە بە مۆبایلەکەی و ئەو بەربەستانەی بۆ بنەماڵەکەی دروستکراون، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر دۆخی ناوبراو ئەنجام دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە خستنەژێر گوشاری ئەندامانی بنەماڵە،دروستکردنی بەربەست لە پەیوەندییە کەسییەکاندا و ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری،لە حاڵەتی نەبوونی بنەمای یاسایی و چاودێریی دادوەریدا،پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە،لەوانەش مافی پاراستنی ژیانی تایبەتی،ئازادیی دەربڕین و ئاسایشی تاکەکەسی.

هانا داوا دەکات دەستبەجێ گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەم دوو وەرزشوانە و بنەماڵەکانیان ڕابگیرێن،بەربەستە سەپێندراوەکان هەڵگیرێن و ڕێز لە تەواوی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بگیردرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین