درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئەرکان ئەحمەدی بۆ ماوەی مانگێک

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەرکان ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «هەنگەژاڵ» و دانیشتووی شاری مەریوان، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج هەفتە بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە دەستبەسەریی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتدایە. بەپێی زانیارییەکانی هانا، بڕیاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.

هاوکات، گوشارە دەروونی و ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەرکان ئەحمەدی بەردەوامە. لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ٢٦ی سێپتەمبەر، هاوسەر و کوڕە ١٣ ساڵانەکەی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی مەریوان بانگ کران و لە کاتی لێپرسینەوەدا ڕووبەڕووی سووکایەتی، بێ‌ڕێزی و هەڕەشە بوونەتەوە.

ئەرکان ئەحمەدی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، بەهۆی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. هەروەها سەرەڕای پێویستیی بە بەکارهێنانی دەرمان، تا ئێستا ئیزنی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی پێنەدراوە.

شایانی باسە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین