ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان لە چوارەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی

هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ١٤٠١، مانگرتنی گشتی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە بەشێکی بەرچاوی شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

هاوپەیمانی شەش حزبی کوردستانی ئێران پێشتر بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک داوای لە شارۆمەندان و کاسبکاران کردبوو کە لەم ڕۆژەدا مانگرتنی گشتی ئەنجام بدەن. هەروەها لە لایەن بەشێک لە رێکخراوەکان، دەمەزراوە مەدەنییەکان و مافی مرۆییەکان لە گروپە جیاوازەکان پشتیوانی لەم ئەم بانگەوازە کرا.

لێکۆڵینەوەکانی هانا نیشانی دەدەن کە مانگرتنی ئەمساڵ لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە لە ڕۆژانی نزیک لە ٢٥ی خەرمانان گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی ئەماکن لە سەر دوکانداران و کاسبکاران چڕ کرابووەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ژمارەیەک لە کاسبکاران ڕووبەڕووی هەڕەشەی داخستنی شوێنی کار، هەڵوەشاندنەوەی پەروانەی کاسبی و جەریمە بوونەتەوە.

سەرەڕای ئەم فشارانە، نەریتی مانگرتنی گشتی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە فۆرمێکی ناسراوی ناڕەزایەتی مەدەنی لە کوردستان، جارێکی دیکە بەردەوام بوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە بازرگانانی شارە جیاجیاکان دوکان و شوێنە بازرگانییەکانیان داخست.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگەی سەرچاوە ناوخۆییەکان و چاودێری مەیدانییەوە، چاودێری مانگرتنەکەی کردووە و بەردەوام زانیاریی پەیوەندیدار بە دۆخی شارە جیاوازەکان بڵاوکردۆتەوە. بەشێک لەو وێنە و زانیاریانەی کە هانا بڵاوی کردۆتەوە، لە لایەن میدیا و ئاژانسەکانی هەواڵەوە کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

بە پشتبەستن بە داتا کۆکراوەکان و وێنە پشتڕاستکراوەکانی هانا، مانگرتن لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا و هەروەها ژمارەیەک لە شارەکانی پارێزگای کرماشان بەدیکراوە.

هانا بەشداری مانگرتن لە شارەکانی سنە، سەقز،دیواندەرە، کامێران، قوروە، بیجاڕ، کرماشان، کەرەند، مەهاباد، بۆکان، میاندواو، مەریوان، بانە، شنۆ، پیرانشار، ڕوانسەر و پاوەی تۆمار و پشتڕاست کردۆتەوە.

بە پشتبەستن بە چاوەدێری مەیدانی و ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە وەرگیراون، مەودای داخستنی دوکان و بازاڕ لە هەندێک شار لەوانە سنە، سەقز و دیواندەرە، زۆر بەرفراوان بووە. هانا ئاستی بەشداریکردنی کاسبکارانی ئەم شارانە لە مانگرتن بە پشتبەستن بە زانیاری و وێنەی بەردەست بە نزیکەی لەسەدا ٧٠-٨٠ دەخەمڵێنێت. ئەم ژمارانە بەراوەرد کراون و لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەن کە لە کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتەدا لەبەردەستی هانادایە.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکەدا، سەرچاوەکانی هانا باسیان لە زیادبوونی بوونی هێزە ئەمنییەکان لە ژمارەیەک شاردا کردووە. هەروەها لە سنە و مەریوان بڵاوەپێکردنی ئۆتۆمبێلی سەربازی کە بە دۆشکە تەیار کراوە، و لە هەندێک حاڵەتدا بەو وێنانەی بە هانا گەیشتوون، بەڵگەدار کراوە. هەروەها کۆمەڵێک هەواڵ سەبارەت بە فشاری هێزە ئەمنییەکان لەسەر هەندێک لە بازرگانان بۆ کردنەوەی دوکان و یەکە بازرگانییەکانیان و خاوبوونەوەی بەرچاوی ئینتەرنێت، بە دەستمان گەیشتوون.

ئەوەی جارێکی دیکە لە مانگرتنی ٢٥ی خەرماناندا دیار بوو، بەردەوامبوونی مانگرتنەکە وەک فۆرمێکی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ و مەدەنی لە کوردستان، سەرەڕای زنجیرەیەک فشاری پێشگیرانە و ئەمنی لەسەر بازرگانان و هاووڵاتیان بوو. تەشەنەسەندنی جوگرافیایی مانگرتنەکە و بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە شارەکان ئەوە دەردەخات کە ئەم فۆرمەی ناڕەزایەتی دوای چوار ساڵ لە دەستپێکردنی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هێشتا لە بەشێکی کوردستان بەردەوامە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوام دەبێت لە پێداچوونەوە بە وێنە و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و زانیارییەکانی پەیوەست بە هەڵسوکەوتی ئەمنی لە کاتی مانگرتنەکەدا و بەڵگە و زانیارییە تەواوکەرەکان بڵاو دەکاتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین