بە پێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ١٤ کارمەند و دادوەرێکی دادگوستەری سەقز لە پێوەندی لەگەڵ کەیسەکانی پەیوەست بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی پۆست و گەندەڵی دارایی دەستبەسەر کراون. زیاتر لە ١٠ کەسی دیکە بانگ کراون و ژمارەیەکیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
سەرچاوە ئاگادارەکانی هانا لە دادگوستەری سەقز دەڵێن پێشتر چەندین سکاڵا و ڕاپۆرت سەبارەت بە بەرتیل وەرگرتن و خراپ بەکارهێنانی پۆستە قەزایی و ئیدارییەکان وروژێنراون، بەڵام پاراستنی دەسەڵاتی دادوەری و دادسەرای ئینتیزامی دادوەرەکان و میکانیزمە ناوخۆییەکانی دیکە بە کردەوە نەیانتوانیوە یان ئامادە نەبوون پێش بە بڵاوبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە بگرن. بە پێی ئەم زانیاریانە دواجار ڕەهەندەکانی دۆسیەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ڕاستەوخۆ چووەتە ناو بابەتەکەوە.
هەروەها سەرچاوەکانی هانا باسیان لە ناکۆکی لە نێوان ئیدارەی ئیتڵاعات و بەرپرسانی دادوەری لەسەر کۆنترۆڵکردن و بەردەوامیی دۆسیەکە کردووە. هانا خەریکە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەر ئەم بەشەی زانیارییەکان دەکات.
ئەگەر دواجار ئەم زانیاریانە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوەی لە دادگای سەقز ڕوویداوە ناتوانرێت لە هەڵەی چەند کەسێکدا کورت بکرێتەوە. کاتێک بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی دارایی دزە دەکاتە ناو دامەزراوەیەکەوە کە خۆی بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی دادپەروەری و چارەسەرکردنی سکاڵای خەڵک، مەسەلەکە دەبێتە گەندەڵی پێکهاتەیی لە دەزگای حکومەتیدا. وەها بارودۆخێک نیشان دەدات کە میکانیزمە ناوخۆییەکانی چاودێری و لێپرسینەوە و کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیدا سەربەخۆیی و کارایی پێویستیان نییە.
گەندەڵی لە دەسەڵاتی دادوەریدا تەنها تاوانێکی ئابووری نییە.ئەم گەندەڵییە ڕاستەوخۆ مافی هاووڵاتیان بۆ دادگایییەکی دادپەروەرانە و یەکسانی لەبەردەم یاسا و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لەناو دەبات و ڕێگە بۆ کڕین و فرۆشتنی بڕیاری دادوەری و پارێزبەندی لە دەسەڵاتدارەکان و پێشێلکردنی مافی بێدەسەڵاتەکان خۆشدەکات.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینە لەم کەیسەدا پێویستی بە پشکنینی تەواوەتی زنجیرەی گەندەڵی، ڕۆڵی بەرپرسانی چاودێری و تۆڕەکانی کاریگەر و هەر جۆرە پاڵپشتی و چاوپۆشیەکی دامەزراوەیی هەیە. سنووردارکردنی دۆسیەکە بۆ چەند کارمەندێک یان تۆمەتبارێکی ئاست نزم، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتی پێکهاتەیی دامەزراوە دادوەرییەکان بکرێت، تەنیا هەمان سووڕی گەندەڵی و بێ سزایی بەرهەم دەهێنێتەوە.
