شەهریار محەمەدی بریمانلوو، کوشتی گیری تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی شاری بوژنۆرد، سزای دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرا

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، «شەهریار محەمەدی بریمانلوو»، زۆرانبازی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی بوژنۆرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان بە هانا، لقی دووی دادگای ئینقیلابی بوژنۆرد ئەم وەرزشوانەی لە قۆناغی سەرەتاییدا و لە بارودۆخێکدا کە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە، بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سەرجەم بە چوار ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە حوکمەکە و هاتنەناوەوەی پارێزەر بۆ ناو دۆسیەکە، سزاکەی لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. حوکمی بنبڕ لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٦ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و ئەرکدار کراوە کە لە ماوەی مانگێکدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی خۆی بە بەندیخانە بناسێنێت.

شەهریار محەمەدی بریمانلوو ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیارییەکانی هانا، ناوبراو لە ماوەی هەشت ڕۆژ دەستبەسەریدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش بووە و پاشان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بێبەشکردنی تۆمەتبار لە پارێزەر لە قۆناغی دەستبەسەرکردن و پێڕاگەییشتنی سەرەتاییدا، بەتایبەت لە دۆسیەیەکدا کە تۆمەتی ئەمنیی تێدایە، مافی بەرگریی کاریگەر و گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە بە شێوەیەکی جیدی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

هەروەها، دەستبەسەرکردن بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری و بڕینی پەیوەندیی تۆمەتبار بە بنەماڵەکەی، پێویستیی لێکۆڵینەوە لە یاساییبوونی دەستبەسەرکردنەکە و چۆنیەتیی ڕەچاوکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەریدا دووهێندە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین