ئاشتی بەبێ دانپێدانانی یاسایی؟ تێڕوانینێکی یاسایی لە سەر دوایین پێشهاتەکانی نێوان کوردەکان و حکومەتی تورکیا

هەڵسەنگاندنی دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەسەر لایەنە یاساییەکانی پڕۆسەی ئاشتی و باری یاسایی کورد لە تورکیا

پێشهاتەکانی ئەم دوواییانە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە بەتایبەت ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی چالاکی چەکداری و پلانی داماڵینی چەک و دەستپێکردنی ڕێوشوێنی یاسایی بۆ دیاریکردنی کاریگەرییە یاساییەکانی ئەم پرۆسەیە، ململانێی لەمێژینەی نێوان کورد و حکومەتی تورکیای گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێ. گرنگترین پەرەسەندنی یاسایی لەم بوارەدا، پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای “بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” ژمارە ٢/٣٧٩٣یە لە رێکەوتی ٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ بۆ پەرلەمانی تورکیا.

ئەم پڕۆژە یاسایە هێشتا قۆناغی یاسادانانی تەواو نەکردووە و بابەتەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی دیاریکردنی کاریگەرییە تاوانکاری و کارگێڕییەکانی کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی پەکەکە و پێگەی ئەو کەسانەیە کە دەیگرێتەوە.هەڵسەنگاندنی ئێستا تەنیا پەیوەندی بە لایەنە یاساییەکانی ئەم پەرەسەندنە هەیە و وەک حوکمێک لەسەر ئامانجە سیاسییەکان، ڕەچاوکردنەکان یان دەرئەنجامەکانی پرۆسەی بەردەوام کارناکات. بنەمای پێداچوونەوەکە دەقی ڕەشنووسەکە، پێکهاتەی دەستووری تورکیا، یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و یاسای دۆسیەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا میکانیزمی نوێی یاسادانان، جگە لە ڕێکخستنی کاریگەرییەکانی چەکداماڵین، گۆڕانکاری لە پێگەی مافە بنەڕەتییەکانی کورد و ئازادییە بنەڕەتییەکاندا دروست دەکات؟

وەڵامەکە، لانیکەم لەم بارودۆخەی ئێستادا، نەرێنییە. لە ڕوانگەی یاسای گشتیەوە، کۆتایی هاتنی چالاکیی چەکداریی پەکەکە و یەکلاییکردنەوەی پرسی یاسایی کورد دوو بابەتی جیاوازن. دەوڵەت دەتوانێت جێبەجێکردنی سزاکان، چەکداماڵین و پێگەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە ، بەبێ گۆڕینی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانی کورد ڕێکبخات. هەروەها ڕەشنووسی ئێستا لە بنەڕەتدا لەم بازنەیەدا ماوەتەوە. بابەتی ڕاستەوخۆی پەکەکەیە و تاکەکانی پێوەندیداریەتی، نەک کورد وەک پێکهاتەیەک کە خاوەن ناسنامە و زمان و داخوازییە سیاسییە جیاوازەکانە، بۆیە ئەو ڕەشنووسە نوێیە کاریگەرییە یاساییەکانی کۆتاییهاتنی چالاکی چەکداری ڕێکدەخات، بەڵام مافێکی بنەڕەتی نوێ بۆ کورد لە بەرچاو ناگرێت.ئەم سنووردارکردنە لە ژێر ڕۆشنایی دەستووری تورکیادا زیاتر دیارە. تا ئێستا هیچ هەموارکردنەوەی دەستوور سەبارەت بە دانپێدانانی شوناسی کورد، مافی زمان، پەروەردەی زمانی دایک، چەمکی هاووڵاتیبوون، یان پێکهاتەی حکوومەتی خۆجێیی نەکراوە.

مادەی ٣ بەردەوامە لە ڕاگەیاندنی زمانی تورکی وەک زمانی دەوڵەت و لە مادەی چوارەمدا ئەم بڕگەیە وەک بڕگەیەکی هەموار نەکراو و نەگۆڕ دەخاتە ڕوو. هەروەها لە مادەی ٦٦دا هەر کەسێک پەیوەندی هاوڵاتیبوونی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەبێت بە “تورک” دەناسێت. ئەم بناغانە، کە ناسنامە و پێکهاتەی زمانەوانیی نەزمی دەستووری تورکیا لە قاڵب دەدەن، لە پرۆسەی ئێستادا وەک خۆیان ماونەتەوە. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە لە دەستووردا ناوی کورد نەهاتووە. کاریگەری گرنگتر ئەوەیە کە شوناسی کورد نەکراوەتە هەوێنی بەهرەمەندبوون لە مافە زمانەوانی و دامەزراوەییە تایبەتەکان. پرەنسیپی یەکسانی دەتوانێت جیاکاری لەسەر بنەمای زمان یان ڕەگەز قەدەغە بکات، بەڵام قەدەغەکردنی جیاکاری لە خۆیدا یەکسان نییە بە گەرەنتیکردنی مەرجی پێویست بۆ پاراستن و گواستنەوەی شوناسێکی زمانەوانی. یەکسانی فەرمی لە یەکسانی جەوهەری نزیک دەبێتەوە کاتێک سیستەمی یاسایی گەرەنتی بەکارهێنانی کاریگەرانەی زمان و ناسنامەیەکی جیاواز لە کایەی گشتیدا دەکات.

مادەی ٤٢ی دەستوور بە تایبەتی لەمبارە گرنگیەکی تایبەتی هەیە.
ئەم ماددەیە فێرکردنی زمانێکی تر جگە لە تورکی بۆ هاووڵاتیانی تورک وەک زمانی دایکی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا سنووردار دەکات. بۆیە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان ئازادی بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ مەبەستی کولتووری و سنووردارکردنی فێرکردنی ئەم زمانە و مافی پەروەردەی گشتی بە زمانی دایکی. لە حاڵەتی یەکەمدا دەوڵەت بە پلەی یەکەم پابەندە کە خۆی لە دەستێوەردانی ناڕەوا بپارێزێت؛ لە حاڵەتی دووەمدا ماف پێویستی بە پابەندبوونێکی ئەرێنی لە دەوڵەت و دروستکردنی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەیە. هەتا خوێندن بە زمانی کوردی نەبێتە مافێکی ڕوون و جێبەجێکراو، زیادکردنی ئەگەری بەکارهێنانی ئەم زمانە ناتوانرێت هاوتا بکرێت لەگەڵ یەکسانی یاسایی.چەمکی هاوڵاتیبوونیش ڕووبەڕووی هەمان سەختی دەبێتەوە.

دەکرێت دەستەواژەی “تورک” لە مادەی ٦٦ وەک چەمکێکی مەدەنی و نەتەوەیی لێکبدرێتەوە، بەڵام کاتێک نازناوێک کە لە یەک کاتدا ناوی ناسنامەی نەتەوەیی زۆرینە بێت، نازناوی یاسایی هەموو هاووڵاتیانیش بێت، هاوخشکییەکی تەواو لە نێوان ناسنامەی زۆرینە و شوناسەکانی دیکەدا نامێنێت. ڕەخنە گرتن لەم پێکهاتەیە مەرج نییە مانای فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی، یان جیابوونەوە بێت. پرسیاری مافە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە ئایا دەکرێت پێناسەی هاووڵاتیبوونی هاوبەش بکرێت بەبێ ئەوەی سەر بە دەوڵەتی یاسایی بە ناونیشانی ناسنامەی زۆرینە ببەسترێتەوە، پرۆسەی ئێستا هێشتا نەچووەتە ناو پێداچوونەوەیەکی لەو شێوەیە.هەروەها یاسای کەیسەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نیشان دەدات کە پرسی یاسایی کورد تەنیا لە شەڕی چەکداریدا سنووردار نەبووە.

دادگا لە بڕیارەکەی ساڵی ١٩٩٨دا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی سۆسیالیستی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا ئەوەی کە بەرنامەیەکی سیاسی پێچەوانەی پێکهاتەی هەنووکەیی دەوڵەت بێت، تا ئەو کاتەی کە گۆڕانکارییە خوازراوەکە بە ڕێگەی دیموکراسییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، بەس نییە بۆ ئەوەی لە پاراستنی ئازادیی سەندیکایی دوور بخرێتەوە. هەروەها دادگا لە بڕیارەکانی ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠١٠ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتە سیاسییەکانی پەیوەست بە داواکارییەکانی کورد، داکۆکیی ئاشتیانە لە مافە سیاسی و زمانەوانییەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی جیا کردووە.

دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە ڕوونە: کۆتایی هاتنی چالاکیی چەکداری تەنیا لە حاڵەتێکدا دەبێتە هۆی ئاساییبوونەوەی یاسایی کە ئەگەری وروژاندنی هەمان داواکارییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە گۆڕەپانی سیاسیشدا گەرەنتی بکرێت.ئەم تێبینییە مافی خوێندن بە زمانی دایکیش دەگرێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆی دەرکەوت کە ڕاگرتنی ئەو خوێندکارانەی کە دەیانەوێت خولی ئیختیاری زمانی کوردی پێشکەش بکەن، پێشێلکردنی مافی خوێندنە. لە بڕیارێکی دیکەی ساڵی ٢٠١٢دا، دەرکەوت کە کردەوە دژی سەندیکایەک کە بانگەشە بۆ پەروەردەی زمانی دایکی دەکرد، لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی سەندیکادا ناگونجێت. ئەم بڕیارانە بەو مانایە نەبوو کە مافێکی گشتی بۆ پەروەردەی گشتی بە زمانی کوردی ناسرابێت، بەڵکو سنوورێکی یاسایی گرنگیان دانا: داواکاریی ئاشتیانە بۆ مافی زمان ناکرێت تەنیا بە گرێدانی گشتی بە ئاسایشی نەتەوەیی لە پاراستنی یاسایی دوور بخرێتەوە.بڕیاری دادگای ئەوروپایی لە ساڵی ٢٠٢٠ سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی درێژخایەنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە ڕوانگەی یاسای گشتیشەوە گرنگە.

دادگا ڕەخنەی لە بەکارهێنانی دەستبەسەرکردن گرت لە پێوەندی لەگەڵ سنووردارکردنی مشتومڕی سیاسی و بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکەی زانی. گرنگی ئەم پێشینەیە بۆ پرۆسەی ئێستا ئەوەیە کە ئاساییبوونەوەی یاسایی تەنیا بە کۆتایی چالاکیی چەکداری ناتوانرێت بپێورێت. هەروەها سنووری بەکارهێنانی یاسای تاوان و بڕگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دژی چالاکییە سیاسییە ناتوندوتیژەکان بەشێکن لەم هەڵسەنگاندنە.هەروەها پێکهاتەی جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکە بەردەوامە لە دابینکردنی ڕۆڵێکی بەرچاو بۆ دەزگا جێبەجێکار و ئەمنییەکان.

جێبەجێکردنی چەکداماڵین بەندە بە هەڵسەنگاندنی دەزگا ئەمنییەکان و ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و شاندێکی پیکهاتوو لە بەرپرسانی باڵای جێبەجێکار و ئەمنی سەرپەرشتی بەشێکی بەرچاوی پرۆسەکە دەکەن. بوونی میکانیزمێکی لەو شێوەیە بۆ بەڕێوەبردنی چەکداماڵین خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی یاسای گشتی نییە، بەڵام لە هەر شوێنێک بڕیارەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبێت لەسەر لێپێچینەوەی تاوانکاری، جێبەجێکردنی سزاکان، یان مافی تاکەکان، پرەنسیپی سەروەری یاسا داوا دەکات کە سنووری دەسەڵاتی دادوەری و ئەگەری چاودێری سەربەخۆی دادوەری بە ڕوونی گەرەنتی بکرێت.

وە هەروەها دابینکردنی پارێزبەندی یاسایی و کارگێڕی و تاوانکاری بۆ ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا بەبێ ئەوەی سنووری بەرپرسیارێتی بە ڕوونی دیاری بکرێت، کێشەدارە. پێویستی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی ناتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی پارێزبەندی لە لێپرسینەوە. ئەمەش بە تایبەتی بە سەرنجدان بە مێژووی بڕیارەکانی دادگای دادی ئەوروپا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گرنگە. بۆ نموونە دادگا لە ساڵی ١٩٩٦دا حکومەتی تورکیای بە بەرپرسیار زانی لە دۆسیەیەکی تایبەت بە ڕووخاندنی خانووەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.گرنگترین خاڵی لاوازی ڕەشنووسەکە نەبوونی چوارچێوەیەکی هەمەلایەنەی دادپەروەری ڕاگوزەر یان ئینتیقالیە.

لە مەتنەکەدا، میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە لە ماوەی دەیەکانی شەڕدا ئەنجامدراون، بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان، یان ڕێکخستنی تایبەت بۆ پشکنینی بەرپرسیارێتی پێشێلکارییەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی دەوڵەت نابینرێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە ڕێسای گشتی بەرپرسیارێتی لە یاسای تورکیادا ڕەتدەکاتەوە. کەموکوڕی تایبەت ئەوەیە کە ڕەشنووسەکە ڕاستەوخۆ و بە وردی باری تاوانکاری تاکەکانی پەیوەست بە پەکەکە ڕێکدەخات، بەڵام لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە دەوڵەت لە شێوەی میکانیزمێکی دادپەروەری ئینتقالی هاوتادا ناگرێتەوە.دەرئەنجامی یاسایی ئەم پێشهاتانە ئەوەیە کە مافە بنەڕەتییەکانی کورد، لانیکەم تا ئەم خاڵە، لە بنەڕەتدا گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە. تا ئێستا هیچ جۆرە هەموارکردنەوەیەکی دەستوور بۆ داننان بە ناسنامەی کوردی، گەرەنتیکردنی خوێندن بە زمانی دایک، پێناسەکردنەوەی چەمکی هاووڵاتیبوون، یان دامەزراندنی مافەکانی پەیوەست بە حکومەتی خۆجێیی نەکراوە. ئەوەی لەم ڕەشنووسەی ئێستادا بە شێوەیەکی یاسایی داڕێژراوە، لە بنەڕەتدا لە بواری یاسای تاوان و جێبەجێکردنی سزا و ڕێکخستنی کاریگەرییەکانی داماڵینی چەکدایە.

لە ڕوانگەی مافە بنەڕەتییەکانەوە، ئاشتی کاتێک کاریگەرییەکی بەردەوامی دەبێت کە جگە لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، پەیوەندی یاسایی دەوڵەت لەگەڵ هاووڵاتیانی کورد لە ئاستی هەنجاری ڕێکبخرێتەوە. زمان و ناسنامە و بەشداری سیاسی لە کایەی سیاسەتی گشتی و ئیمتیازە گۆڕاوەکان تێدەپەڕن کاتێک دەبنە مافێکی ڕوون و جێبەجێکراو لە دژی دەسەڵاتی گشتی. هەروەها تێپەڕین لە ململانێ پێویستی بە گرنگیدانی هاوسەنگ هەیە بە مافەکانی قوربانییەکان، گەڕان بەدوای ڕاستییەکان، قەرەبووکردنەوە و لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکان کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەموو لایەنەکانی ململانێ.

لە ڕوانگەی دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەکرێ ئەو پلانە نوێیە بە پەرەسەندنێکی گرنگ لە سیاسەتی کەیفەری پەیوەست بە کۆتایی هاتنی چالاکیی چەکداریی پەکەکە هەژمار بکرێت، بەڵام ئەم پەرەسەندنە هێشتا هاوتای گۆڕانی پێگەی یاسایی کوردەکان نییە. تا ئەو کاتەی کە بنەماکانی دەستوور کە کاریگەرییان لەسەر شوناس و زمان و هاووڵاتیبوون هەیە بە بێ هەموارکردنەوە و پڕۆسەکە چوارچێوەیەکی هەمەلایەنەی دادپەروەری ڕاگوزەریان تێدا نییە، ئەوەی لە ڕوانگەی یاساییەوە پێکدەهێنرێت، ڕێکخستنی کاریگەرییەکانی کۆتایی هاتنی چالاکیی چەکدارییە، نەک چارەسەرێکی یاسایی بۆ پرسی کورد.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین