بڕینەوەی قاچی کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری بانە و برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزە سنووریەکان

بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، بەختیار ئەمینی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «دۆسینە»ی بانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری «هەنگەژاڵ» بە سەختی بریندار بووە. ناوبراو خاوەن هاوسەر و باوکی سێ منداڵە، سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی بانە گواستراوەتەوە، بەڵام بەپێی دوا زانیارییەکان، لەبەر سەختی برینەکەی، قاچی لە مەچەکەوە بڕاوەتەوە و بۆ درێژەدانی چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی تەورێز نێردراوە.

بەختیار ئەمینی، برای ژیار ئەمینییە،ئەو کۆڵبەرەی ساڵی ڕابردوو لە هەمان سنوور، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا. دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە بۆ ئەندامانی بنەماڵەییک، جارێکی دیکە گرنگی مەترسییە کوشەندەکانی کولبەری لە ناوچە سنوورییەکان ئەخاتەڕوو .

هەروەها ئێوارەی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، گۆران خدری، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «نێزەڕۆ»ی بانە، خاوەن هاوسەر و باوکی یەک منداڵ، لە ڕووداوێکی تر دا لە سنووری هەنگەژاڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنووریەکان ، ڕانی بریندار بووە و بۆ چارەسەری گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی بانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین