برینداربوونی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە، حەسەن مستەفازادە، کۆڵبەری خەڵکی شارۆچکەی رەبەتی سەر بە شاری سەردەشت، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندار بووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە. ئەو دوای ڕاگوێزانی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی بانە، بە هۆی سەختی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تەورێز کراوە.

برینداربوونی حەسەن مستەفازادە سێهەمین حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری هەنگەژاڵی بانەیە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا. پێش ئەمە دوو کۆڵبەری تر لە ڕووداوی جیاجیادا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و تەقینەوەی مین بریندار بوون.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین