٣ی جۆزەردان تا ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٤ی مەی تا ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم ڕاپۆرتە وەک درێژەی ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییەکەی پێشووی خۆی دەربارەی هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپ و شوێنەکانی جێگیربوونی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
شایانی باسە ڕاپۆرتی یەکەم، بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە ٦٩٥ هێرشی مووشەکی و درۆنی لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ تا ٤ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٨ی فێبریوەری تا ٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٦)، زیانە گیانییەکان، ئاوارەبوونی بنەماڵەکان و بەرکەوتنی چەکەکانی تەقەمەنی بە کەمپ و ناوچە نیشتەجێبووەکانی لەخۆ گرتبوو.
ڕاپۆرتی ئێستا لەسەر بنەمای زانیارییە مەیدانییەکانی هانا، بەیاننامە فەرمییەکانی حیزبە کوردستانییەکان و ڕاپۆرتە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە. زانیارییە کۆکراوەکان نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی نێوان ٣ی جۆزەردان تا ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی خۆی دژی شوێنەکانی جێگیربوونی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، حیزبی ئازادیی کوردستان (پاک) و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەردەوام کردووە.
کوشندەترین هێرش لە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٧ی ژوئیەی ٢٠٢٦) دژی کەمپی زڕگوێزەڵە لە پارێزگای سلێمانی ئەنجام درا. لەم هێرشەدا، ٩ ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەست دا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەبووبەکر هۆشەنگی، یەکێک لە بریندارانی ئەم هێرشە، لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢١ی ژوئیەی ٢٠٢٦) بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا و ژمارەی گیانبەختکردووان گەیشتە ١٠ کەس. هاوکات، شوێنی جێگیربوونی ئەندامانی کۆمەڵە لە سوورداش بە مووشەک کرایە ئامانج و ژمارەیەک بریندار بوون.
لە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٩ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، درۆنێکی خۆکوژ شوێنی جێگیربوونی حیزبی ئازادیی کوردستان لە نزیک دارەشەکران کردە ئامانج. لانیکەم هەشت ئەندامی ئەم حیزبە لەم هێرشەدا بریندار بوون. جۆر و قووڵیی سووتاوییەکان، بەردەوامیی داگیرسان دوای بەرکەوتن و ئاسەوارە بەجێماوەکان لە شوێنەکەدا، بە شێوەیەکی جیدی ئاماژە بە بەکارهێنانی تەقەمەنی هەڵگری فسفۆڕی سپی دەکەن. هەندێک لە بریندارەکان تووشی سووتاویی قووڵ و بەرفراوان بوون کە لەگەڵ زیانە ناشی لە تەقینەوە ئاسایییەکان جیاوازییەکی زەقی هەیە.
بەڵگە پزیشکییەکان، وێنەی بریندارەکان و چۆنیەتیی پەرەسەندنی ئاگرەکە، ئەگەری بەکارهێنانی تەقەمەنی فسفۆڕی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەهێز دەکەن. دیاریکردنی پێکهاتەی وردی تەقەمەنییەکە پێویستی بە پشکنینی تاقیگەیی پاشماوەکانی هەیە، بەڵام ئاسەوارە تۆمارکراوەکان لە شوێنەکە و ئەو برینانەی بەر قوربانییەکان کەوتوون، پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەربارەی بەکارهێنانی ماددەیەکی سووتێنەر بە توانای دروستکردنی سووتاویی قووڵ و هەمیشەیی ئاشکرا دەکەن.
لە ٥ و ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٧ و ٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، شوێنەکانی جێگیربوونی حیزبی ئازادیی کوردستان لە کۆیە و ناوچەکانی دەوروبەری دووبارە کرانە ئامانجی درۆنە خۆکوژەکان. لە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٣١ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، ناوەندەکانی ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران لە تۆپزاوا و باشیک بەر درۆن کەوتن و بەشێک لە بینا و دامەزراوەکانیان تێک چوون. سەرچاوە خۆجێیییەکان هەروەها باس لە بەرکەوتنی درۆن لە دەوروبەری گوندی گەچینە لە ناوچەی دووکان لە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) و ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان دەکەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی جێگەی متمانە دەربارەی زیانە گیانییە ئەگەرییەکانی ئەم هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە.
لە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکاندا، ئەندامێتی سیاسی یان ڕێکخراوەیی لە حیزبێکی کوردستانی، نیشتەجێبوون لە کەمپێکی سەر بەو حیزبە یان هەبوونی نازناوی پێشمەرگە، بە تەنیا نابنە مۆڵەت بۆ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەسێک. بەئامانجگرتنی کەسێک تەنیا ئەو کاتە دەکرێت کە بەشداریی ڕاستەوخۆی لە ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانەکان یان هەبوونی ئەرکی بەردەوامی شەڕکەریی ئەو کەسە، لەسەر بنەمای زانیاریی دیاریکراو و باوەڕپێکراو سەلمێندرابێت.
سەبارەت بە گیانبەختکردووانی هێرشی زڕگوێزەڵە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بەڵگە یان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو نەکراوەتەوە کە نیشانی بدات ئەوان لە کاتی هێرشەکەدا خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوون.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەروەها دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی کەمپەکە، دۆخی ئەو کەسانەی لەوێ بوون، زەروورەتی سەربازیی هێرشەکە و ئەو ڕێکارانەی بۆ پاراستنی کەسانی دەرەوەی شەڕ گیراونەتە بەر، بێدەنگییان هەڵبژاردووە. لە وەها بارودۆخێکدا، هێرشی ئەنقەست و کوشندە بۆ سەر ئەم کەسانە، زەوتکردنی هەڕەمەکیی مافی ژیانە و لە ئەگەری سەلماندنی نەبوونی بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە ململانێکەدا، دەکرێت وەک کوشتنی فراقانونی هەژمار بکرێت.
ئامادەبوونی ئەگەریی کەسانێک کە ئەرکی شەڕکەرییان هەیە لە کەمپێکدا، تەواوی ئەندامانی حیزب، بنەماڵەکان، بیناکان و دامەزراوەکانی ئەو شوێنە ناکاتە ئامانجێکی سەربازی. کۆماری ئیسلامی ئەرکدار بووە کە جیاکاری لە نێوان ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕدا کردووە و کەسانی تری ئامادە لە شوێنەکەدا بکات. بەئامانجگرتنی بەردەوامی کەمپەکان لەسەر بنەمای ناسنامەی سیاسیی دانیشتووانەکەیان، لەگەڵ بنەمای جیاکاری و قەدەغەی هێرشە بێجیاکارییەکان دژایەتیی هەیە. بەکارهێنانی تەقەمەنی هەڵگری فسفۆڕی سپی لە شوێنێکدا کە ئامادەبوونی کەسانی دەرەوەی شەڕ تێیدا پێشبینیکراوە، پێشێلکاریی جیدیی ڕێساکانی وریایی لە هێرش، گونجان و قەدەغەی گەیاندنی ئازاری ناپێویست دەخاتە ڕوو.
ئەو هێرشانەی لەم ڕاپۆرتەدا بەڵگەنامە کراون، درێژەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ ڕاوەدوونان و بەئامانجگرتنی نەیارە کوردەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. کۆماری ئیسلامی بە پەنابردن بۆ مووشەک، درۆنی خۆکوژ و تەقەمەنی سووتێنەر، ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی تەنیا بەهۆی ناسنامە و چالاکیی سیاسییانەوە خستووەتە بەر زەوتکردنی ژیان و برینداریی توند.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە چالاکیی سیاسی، ئەندامێتی لە حیزب و دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی، هیچ کەسێک لە پاراستنی مافی ژیان و گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بێبەش ناکات.
دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە وردی چاودێریی دوایین گۆڕانکارییەکان و هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی حیزبە کوردستانییەکان دەکات و لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا بڵاویان دەکاتەوە.
