بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، زانیار مورادی کرێکاری تەمەن ٣٣ ساڵ، باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی “کێلەکەوو” لە ناوچەی چل چەمەی دیواندەرە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
شەوی پێش دەستبەسەر کردن، هێزە ئەمنییەکان بە چەندین ئۆتۆمبێل چوونەتە ئاواییەکە و ماڵی ئەو شارۆمەندەیان پشکنیوە. بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، هێزەکان کەلوپەلی سەربازی و چەکی قورسان پێبووە. زانیار لەو کاتەدا لە ماڵ نەبووە و هێزەکان شوێنەکەیان بەجێهێشتووە.
ئێوارەی ڕۆژی دوایی هێزە ئەمنییەکان ئەویان لە ڕێگای شەریفاوا دەستبەسەر کردووە.
زانیار مورادی پێشتریش لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، دەستبەسەر کرا و ٩٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتڵاعات ڕاگیرابوو. ئەو دوای ڕاگوێزانی بۆ بەندیخانەی سنە، دوای پێنج ڕۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دامەزراوەی بەرپرسیاری دەستبەسەرکردنەکە، هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ زانیار مورادی و شوێنی ڕاگرتنی ڕانەگەیندراوە.
