دەستبەسەرکرانی هاوڕێ یوسفی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و ڕاگوێزانی بۆ شوێنێکی نادیار لە کامێران

هاوڕێ یوسفی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی کورد، خەڵکی ئاوایی “ئەڵک”ی سەر بە شاری کامێران، بەیانی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

تا ساتی ئامادەکرانی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری ڕوون لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی یاسایی ئەو لە بەردەستدا نیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی مافە نێودەوڵەتییەکانی منداڵان، هەر کەسێک لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە بە منداڵ دادەنرێت و مافی پاراستنی تایبەتی هەیە. ڕاگرتنی منداڵ پێویستە تەنها وەک ڕێکارێک بۆ دوا ڕێگە و بۆ کورتترین ماوە بەکاربهێنرێت و مافی منداڵەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خێزان و پاراستنی یاسایی دەبێ گەرەنتی بکرێت.

تەنانەت یاساکانی کۆماری ئیسلامیش بڕگە و پاراستنی تایبەتیان لە پرۆسەی تاوانکاری بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ دابین کردووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاگوێزانی منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بۆ شوێنێکی نادیار و بێئاگا کردنی بنەماڵەکەی لە بارودۆخی بە کردەوەیەکی زۆر نیگەرانکەر دەزانێت و داوای ڕاگەیاندنی خێرای شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و بنەمای یاسایی دەستبەسەر کردنی هاوڕێ یوسفی دەکات و هەروەها هانا داوای گرتنە بەری ڕێوشوێنی دەستڕاگەیشتنی ئەم منداڵە بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین