گرانبوونی پەدی تەندرووستی و هەڵکشانی هەژای سڵامەتی سووڕی مانگانەی ژنان؛ هەڕەشەیەک بۆ سەر مافی تەندروستی ژنان

هەڵکشانی نرخ و گرانبوونی پەدی تەندرووستی و بەرهەمەکانی پێویست لە سووڕی مانگانەدا، لە بارودۆخێکدا کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێران دووچاری دابەزینی توانایی کڕین و زیادبوونی بەردەوامی خەرجییەکانی ژیانە، دەستگەیشتنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان بە یەکێک لە سەرەتایی‌ترین پێداویستییە تەندروستییەکانیان قورس‌تر کردووە.

ڕاپۆرتەکانی بازاڕی ئێران باس لە چەند بەرابەربوونی نرخی ژمارەیەک لە بڕاندە پڕخوازەکان لە ماوەیەکی کورتدا و هەروەها بەرهەمە ئاساییە ناوخۆییەکانیش بۆ خێزانە کەم‌داهاتەکان بوونەتە خەرجییەکی بەرچاو و دووبارەکیی.

ئاسەواری زیادبوونی ئەم نرخە، کێشەیەکی گەورەی مرۆڤیە نەک تەنیا گرانبوون کاڵا.

ژن یان کچێک کە سووڕی مانگانەی هەیە، ناتوانێت ئەم پێداویستییە لەبەرچاو نەگرێت. لەم بارودۆخەدا کەمبوونەوەی توانای کڕین خۆی لە هەڵبژاردنە سادە، بەڵام ئازاردەرەکاندا دەردەخات: بەکارهێنانی ژمارەیەکی کەمتر پەد، گۆڕینی درەنگ وەخت، چاوپووشی لە براندێکی گونجاوتر یان بەکارهێنانی هەر شتێک کە لە ماڵدا بەردەست بێت.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە ئێران، باس لەوە دەکەن تەنانەت پێش شەپۆلی نوێ گرانیش بۆ بەشێک لە ژنان، ئەم بارودۆخە ماوەیەکی زۆرە بووەتە ڕاستییەکی ڕۆژانە.

کارمەندانی کۆمەڵایەتی لە ناوچە هەژارنشینەکانی خوزستان، هۆرمزگان، گوڵستان، خۆراسان و شوێنەکانی دیکەی وڵات، باس لەو ژنانە دەکەن کە بەهۆی هەژارییەوە لە جیاتی پەدی تەندرووستی، جلوبەرگی کۆن، کوتاڵی چەندجارە، ڕۆژنامە یان کەرەستەی هاوشێوە بەکار دێنن . هەندێک ژن تەنانەت دەستگەیشتنی بەردەوامیان بە سابون، پاککەرەوە، ژێرپۆشی پێویست یان ئاوی گونجاو بۆ شۆردنەوە نییە.

ئەم ڕاپۆرتانە واتای ڕاستەقینەی «هەژاریی سووڕی مانگانە»ن. هەژاریی سووڕی مانگانە تەنیا کڕینی پەدی تەندرووستی نییە. هەندێک جار ژنێک کوتاڵی هەیە، بەڵام ئاوی پێویستی بۆ شۆردنەوەی نییە؛ هەندێک جار ئەگەری شۆردنەوە هەیە، بەڵام شوێنێکی تایبەت و سەلامەت بۆ گۆڕین یان وشککردنەوەی نییە؛ هەندێک جاریش کچێکی گەنج لەبەر ترسی خوێن بەربوون یان نەبوونی پێداویستی تەندرووستی، لە ڕۆژانی سووڕی مانگانەدا ناچێتە قوتابخانە. شەرمی کۆمەڵایەتیش سەبارەت بە سووڕی مانگانە وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان تەنانەت دەربارەی ئەم بێبەشبوونە قسە نەکەن و ئەو خێزانەی بۆ خواردن یان دەرمان داوای یارمەتی دەکات، پێداویستیی کچەکەی یان دایکی خێزان بە پەدی تەندرووستی بشارێتەوە.

ئەم بارودۆخە ئێستا بە زیادبوونی نرخی بەرهەمەکانی سووڕی مانگانە خراپتر بووە. بۆ خێزانێکی دەوڵەمەند، گرانیی پەدی تەندرووستی لەوانەیە تەنیا زیادبوونی خەرجییەکی مانگانە بێت، بەڵام بۆ ژنێک کە داهاتی سەربەخۆی نییە یان خێزانێک کە لە هەمان کاتدا کێشەی دابینکردنی خواردن، کرێ ماڵ و دەرمانی هەیە، هەر ئەم زیادبوونەش دەتوانێت ببێتە هۆی بێبەشبوونی ڕاستەقینە.
لەو بارودۆخەدا، هەڵبژاردن لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمەکاندا لەناودەچێت و تەنانەت توانای بەکارهێنانی بە قەدری پێویستی سەرەتایی‌ترین بەرهەمیش دەبێتە پەیوەست بە توانای دارایی.

گرنگیی ئەم کێشەیە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە سووڕی مانگانە تەنیا بە کێشەی پاکوخاوێنی تاکەکەسی نەزانین. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت لەسەر ئەم گۆڕینی تێڕوانینە دەکاتەوە و تەندروستی مانگانە بە بەشێک لە تەندروستیی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی ژنان و کچان دادەنێت. بەپێی ئەم تێڕوانینە، تەندروستی سووڕی مانگانە ئەو کاتە بەدەست دێت کە تاک بتوانێت دەستگەیشتنی بە زانیاریی دروست هەبێت، بەرهەمی گونجاو و بە نرخی گونجاوی لەبەردەست بێت، دەستگەیشتن بە ئاو و دامەزراوە تەندرووستیەکان و شوێنێکی سەلامەت بۆ گۆڕین و فڕێدان یان شۆردنەوەی بەرهەمەکان هەبێت، لە کاتی ئازار یان کێشەدا بتوانێت چاودێریی پزیشکی وەربگرێت و بەهۆی سووڕی مانگانەوە لە خوێندن، کار یان ژیانی کۆمەڵایەتی دوور نەخرێتەوە.

لەبەر ئەوە، کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئایا پەدی تەندرووستی لە دەرمانخانە یان فرۆشگەکان هەیە یان نا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان «بوونی کاڵا» و «دەستگەیشتنی ڕاستەقینە» هەیە. بەرهەمێک لەوانەیە لە فرۆشگەدا هەبێت، بەڵام بۆ ژنێک کە توانای کڕینی بڕی پێویستی نییە، لە ڕاستیدا لە بەردەست نییە. ئەم خاڵە یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی مافی تەندروستی لە یاسای نێودەوڵەتیدا.

مافی تەندروستی،بە پێچەوانەی تێگەیشتنی سنووردار تەنیا مافی سەردانی نەخۆشخانە یان وەرگرتنی چارەسەر دوای نەخۆشی نییە.دەوڵەتەکان دەبێت بارودۆخێک دابین بکەن کە تاکەکان بتوانن لە کەرستە و ئامرازی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستییان بەهرەمەند بن. لە تێگەیشتنی نێودەوڵەتیی ئەم مافەدا، دەستگەیشتن چەند ڕەهەندی هەیە: دامەزراوە و کاڵا تەندروستییەکان دەبێت هەبن، بەبێ جیاکاری بەردەست بن، لە ڕووی داراییەوە توانای کڕینیان هەبێت، لەگەڵ پێداویستییەکانی ژنان و بارودۆخی ژیانیان بگونجێن و کوالێتیی گونجاویان هەبێت. بنەمای توانای دارایی لەم نێوانەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. سیستەمی تەندروستی و سیاسەتە گشتییەکان نابێت بە شێوەیەک کار بکەن کە خەرجیی پێداویستییە پەیوەندیدارەکان بە تەندروستی، خێزانە هەژارەکان زۆر زیاتر لە خێزانە دەوڵەمەندەکان بخاتە ژێر فشارەوە.

ئەم پێوەرە لە بواری تەندروستی ژناندا گرنگیی زیاتر پەیدا دەکات، چونکە زۆرێک لە پێداویستی تەندروستی ژنان ڕاستەوخۆ لە تایبەتمەندیی سرووشتی ئەوان سەرچاوە دەگرێ. سووڕی مانگانە هەڵبژاردەی تاک نییە و خەرجیی بەڕێوەبردنی ئەویش هەڵبژاردەیی نییە. کاتێک دەستگەیشتن بە پێداویستییەکی دووبارەکی و ناچاری لە جەستەی ژن بە ئاستی داهاتی ئەوەوە پەیوەست دەبێت، نایەکسانیی ئابووری ڕاستەوخۆ دەبێتە نایەکسانی لە بەهرەمەندبوون لە تەندروستی.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە ڕوونی داوای لە دەوڵەتەکان کردووە تەندروستی سووڕی مانگانە لە سیاسەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بگونجێنن. لەم تێڕوانینەدا، دابینکردنی بەرهەمی گونجاو تەنها یەکێکە لە پێکهاتەکانی کێشەکە. ئاوی پاک، توالێتی تایبەت گونجاو، توانای فڕێدانی بەرهەمەکان، فێرکاریی دروست پێش یەکەم سووڕی مانگانە، دەستگەیشتن بە چاودێریی پزیشکی و بەرەنگاربوونەوەی شەرم و باوەڕە هەڵەکان، هەموویان بەشێکن لە بەرپرسیارێتیی گشتی بەرامبەر بە تەندروستی سووڕی مانگانە. ژنانی کەم‌داهات، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت،ژنانی زیندانی، ژنانی بێ‌ماڵ،کچانی گەنج و ئەو کەسانەی لە ناوچە هەژارنشین یان لە بارودۆخی قەیراناویدا دەژین،لەو گرووپانەن کە پێویستییان بە پشتگیریی زیاتر هەیە.

ئەم تێڕوانینە ئێستا لە سیستەمی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا شوێنێکی ڕوونی پەیدا کردووە. ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، تەندروستی و بەڕێوەبردنی سووڕی مانگانەی بە مافی تەندروستی،شکۆی مرۆڤ، یەکسانیی ڕەگەزی، پەروەردە،ئاو و پاکوخاوێنی و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەست داناوە و داوای لە دەوڵەتەکان کردووە دەستگەیشتنی ژنان و کچان بە بەرهەمی سووڕی مانگانە گونجاو، سەلامەت و بە نرخی گونجاو دابین بکەن. لەم پێوەرانەدا هەروەها جەخت لەسەر پشتگیریی تایبەت لەو کەسانە کراوەتەوە کە لە دۆخی ئابووریی ناسەقامگیر و زیان‌پێگەیشتوودان و لەسەر بەکارهێنانی سیاسەتە پشتگیریکەرەکان،لەوانە دابینکردنی بەخۆڕایی یان یارمەتیدار بۆ بەرهەمەکان.
ئێرانیش وەک دەوڵەتێکی ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، پابەند بووە بە ڕێزگرتن،پاراستن و هەنگاوی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی مافی بەرزترین ئاستی تەندروستی بەردەست. ئەم پابەندییە تەنیا پەیوەندیدار بە چارەسەرکردنی نەخۆشی نییە. دەستگەیشتنی بێ‌جیاکاری و لە ڕووی داراییەوە توانراو بە کاڵا، خزمەتگوزاری و بارودۆخە سەرەتاییە پەیوەندیدارەکان بە تەندروستی، بەشێکە لە ناوەڕۆکی ئەم مافە. دەوڵەت هەروەها پابەندە لە دابەشکردنی سەرچاوەکان و دانانی سیاسەتە گشتییەکاندا، گرنگیی تایبەت بە دۆخی ئەو گرووپانە بدات کە هەژاری و حاشیەنشینییان زیاتر دەخاتە بەر مەترسیی بێبەشبوون لە تەندروستی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بێ‌ئاگایی کۆماری ئیسلامی لە بڵاوبوونەوەی هەژاریی سووڕی مانگانە و نەبوونی سیاسەتێکی گشتیی کاریگەر بۆ دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی ژنانی کەم‌داهات بە بەرهەمە پێویستەکانی سووڕی مانگانە ڕەتدەکاتەوە. لە بارودۆخێکدا کە زیادبوونی خەرجییەکانی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە تەندرووستیەکان هەموو ڕۆژێک مەودای هەڵبژاردنی خێزانە هەژارەکان سنووردارتر دەکات، هەڵواسینی ئەم پێداویستییە سرووشتیەی ژنان بە توانای کڕینیانەوە قبووڵکراو نییە. ئەم بارودۆخە بە تایبەتی کاتێک نیگەرانکەرتر دەبێت کە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە ساڵانی پێشوو باس لە ژنانێک دەکەن کە تەنانەت پێش گرانییە نوێیەکەش توانای دابینکردنی بەردەوامی پەدی تەندرووستیان نەبووە.

هانا هەروەها نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی داتای فەرمی و توێژینەوە نیشتیمانییەکان دەربارەی قەبارەی هەژاریی سووڕی مانگانە لە ئێران دەردەبڕێت. پشتگوێخستنی ئەم بابەتە لە سیاسەتی گشتیدا بە مانای ونبوونی ئەو لە ژیانی ژنان نییە. بە پێچەوانەوە، بێدەنگی لە سووڕی مانگانە وای کردووە ئەو بێبەشبوونەی کە هەموو مانگێک لە زۆر بنەماڵەدا دووبارە دەبێتەوە، کەمتر ببینرێت و کەمتر پێوانە بکرێت.

بەرپرسیارێتیی حکومەت تەنیا وەڵامدانەوە بە نەخۆشی دوای ڕوودانی نییە. پێشگیری لەو بارودۆخانەی کە هەژاری ژنان و کچان لە پێداویستییە سەرەتاییە پەیوەندیدارەکان بە تەندروستی بێبەش دەکاتیش بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی ئەو بەرامبەر بە مافی تەندروستی.

هانا لە کۆماری ئیسلامی داوا دەکات دەستگەیشتن بە بەرهەمەکانی سووڕی مانگانە وەک بەشێک لە سیاسەتی تەندروستی ژنان بناسێت و بۆ ژنان و کچە کەم‌داهاتەکان هەلی وەرگرتنی بەخۆڕایی یان یارمەتیداری ئەم بەرهەمانە دابین بکات. دابینکردنی بەردەوامی بەرهەمەکانی سووڕی مانگانە لە قوتابخانەکانی ناوچە هەژارنشینەکان، زیندانەکان، ن
گرتووخانە کاتیەکان، ناوەندەکانی راگرتن و دامەزراوە گشتییەکانی دیکە، دابینکردنی ئاوی پاک و شوێن و ئامرازە بهداشتییە گونجاو و تایبەتەکان، فێرکاریی زانستیی تەندروستی سووڕی مانگانە، چاودێریکردنی نرخ و کوالێتیی بەرهەمەکان و بڵاوکردنەوەی داتای فەرمی دەربارەی ئاستی بێبەشبوونی ژنان لەم کەرەستانە، دەبێت بەشێک بن لەو جۆرە سیاسەتە.

سووڕی مانگانە نەخۆشی نییە و نابێت بەهۆی هەژارییەوە ببێتە سەرچاوەی نەخۆشی، دڵەڕاوکێ یان بێبەشبوون. هیچ ژن یان کچێک نابێت بەهۆی ئەوەی توانای داراییی کەمترە، ناچار بکرێت پێداویستییە سروشتییەکەی جەستەی خۆی بە کەرەستەیەک کە خۆی هەڵی نەبژاردووە بەڕێوە ببات، بەکارهێنانی بەرهەمی پێویست کەم بکاتەوە یان لە خوێندن، کار و ژیانی ئاسایی دوور بکەوێتەوە. توانای تێپەڕاندنی سووڕی مانگانە بە تەندروستی، سەلامەتی و شکۆ، بەشێکە لە مافی تەندروستی ژنان و نابێت بە داهاتیانەوە پەیوەست بێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین