بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، نیما ئەحمەدی شارۆمەندی خەڵکی سنە، نزیک ٢٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.
ئەم شارۆمەندە پێشتریش لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پێشینەی دەستبەسەرکردن و بەندکرانی هەیە. ئەو ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، لە بەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی گۆڕستانی ئایچی سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتێک کە هانا لەو کاتەدا بڵاوی کردەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی توندوتیژانەی ئەو شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردبوو. ئەو دوای دەستبەسەرکردن، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئێستا لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بە سەر کاتی دووبارە دەستبەسەرکردنیدا، زانیاری ورد لە سەر شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ نیما ئەحمەدی لە بەردەستدا نیە.
