ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە گومانی جیدی لە بەکارهێنانی تەقەمەنی هەڵگری فسفۆڕی سپی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە هەرێمی کوردستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێنە و زانیاریی دەربارەی برینداربوونی توندی ئەندامانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) پێ گەیشتووە، کە لە ئەنجامی هێرشی ١٩ی ژوئیەی ٢٠٢٦ بۆ سەر یەکێک لە پێگەکانی ئەم حیزبە لە ناوچەی دارەشەکران لە ڕۆژاوای هەولێر دروست بوون. ئەم هێرشە دەخرێتە پاڵ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

قووڵیی سووتاوییەکان، تێکچوونی توندی شانەکانی جەستە، بەردەوامیی ئاگرەکە و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە پاشماوە گوماناوییەکانی تەقەمەنییەکان، گومانی جیدی لەسەر بەکارهێنانی فسفۆڕی سپی یان ماددەیەکی هاوشێوە لە ڕووی کاریگەریی سووتێنەرییەوە دروست دەکات. وێنە گەیشتووەکان، ئاسەوارە جەستەیییە هۆناک و پڕئازارەکان نیشان دەدەن کە لە سنوورە ئاسایییەکانی برینداریی تەقینەوە تێپەڕ دەبن.

ئەگەرچی دیاریکردنی جۆری تەقەمەنییەکە پێویستی بە تاقیکردنەوەی پسپۆڕانەی پزیشکی، کیمیایی و چەکسازی هەیە، بەڵام کۆی بەڵگە بەردەستەکان بۆ دەستپێکردنی خێرای لێکۆڵینەوە دەربارەی بەکارهێنانی ئەنقەستی چەکی سووتێنەر دژی کەسەکان بەسە. نەبوونی ئەنجامی کۆتاییی تاقیگە نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ نکوڵیکردن لە ڕووداوەکە، بێتاوانکردنی ئەنجامدەران یان لەناوبردنی ئاسەوارەکانی تاوان.

یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان، تەنانەت لە کاتی هێرش بۆ سەر ئامانجێکی سەربازیشدا، بەکارهێنانی ئامراز و شێوازگەلێک کە دەبنە هۆی برینداریی زۆر و ئازاری ناپێویست، قەدەغە دەکات. بەکارهێنانی ئەنقەستی تەقەمەنی سووتێنەر بۆ سووتاندنی کەسەکان، تێکدانی قووڵی شانەکانی جەستە یان سەپاندنی ئازاری درێژخایەن، دەکرێت پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی زەروورەتی سەربازی، گونجان، وریایی لە هێرش و قەدەغەی دروستکردنی ئازاری زۆر بێت.

لە ئەگەری سەلماندنی بەکارهێنانی ئاگادارانەی وەها تەقەمەنییەک دژی تاکەکان، ڕەفتاری هێزەکانی سوپای پاسداران دەتوانێت ڕەگەزە مادی و دەروونییەکانی «تاوانی جەنگ»ی تێدا بێت. هانا ئەم هێرشە وەک نموونەیەکی توندی بێباکیی بونیادیی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە ڕێسا ناچارکەرەکانی یاسای مرۆیی دەبینێت. ئەگەری بەکارهێنانی تەقەمەنییەک کە جەستەی مرۆڤ دەسووتێنێت، شانەکان تا قووڵایی تێک دەدات و ئازارەکەی دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکەش بەردەوام دەبێت، تەنیا سەرپێچییەکی سەربازی نییە، بەڵکوو دەکرێت دەستدرێژییەکی سزایی بێت بۆ سەر کەرامەتی مرۆیی و قەدەغەی ڕەهای سەپاندنی ئازاری ناپێویست لە ململانێ چەکدارییەکاندا.

بڕیاردەران، داڕێژەران، فەرماندەکان و ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆی وەها هێرشێک دەبێت لە زنجیرەی بەرپرسیارێتیی سزاییدا بناسرێن و ڕاوەدووی یاسایی بکرێن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای پاراستنی دەستبەجێی شوێنی هێرشەکە، پاشماوەی تەقەمەنییەکان، پارچەکانی درۆن، دۆسیە پزیشکییەکان، نموونە زیندەیییەکان و بەڵگە ژینگەیییەکان دەکات. هەر جۆرە گواستنەوە، تێکدان، شاردنەوە یان دەستکارییەک لەم بەڵگانەدا دەبێت وەک تێکدانی لێکۆڵینەوەکان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەڵگەکانی تاوانێکی ئەگەری هەژمار بکرێت.

هانا داوا لە نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتنێرە تایبەتەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕاستی‌دۆزی مرۆیی دەکات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و پسپۆڕانە هەنگاو بنێن. لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی بەکارهێنانی تایبەتمەندییە ژەهراوییەکانی ماددەکە وەک چەک، حکوومەتی عێراق دەبێت بابەتەکە بۆ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و میکانیزمی لێکۆڵینەوەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێت. کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران نابێت بتوانن بە پشتبەستن بە نەبوونی دەستڕاگەیشتنی خێرای ناوەندە سەربەخۆکان، لە وەڵامدەرەوەبوون دەربارەی ئەنجامدانی ئەگەریی تاوانی جەنگ پارێزراو بن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین