بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی لە چارەنووسی کازیوە پەرویزنیا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «کازیوە پەرویزنیا»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هەڵبەستراوی وێنەگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی پێشووی مەهاباد دەستبەسەر کراوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا لە دۆخێکی ناڕووندایە و لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، پرۆسەی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بە سەردانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستی پێ کرد. لە کاتی ئامادەنەبوونی کازیوە پەرویزنیادا، یەکێک لە خزمەکانی لەلایەن مەئموورەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئازادکردنی ئەو کەسە بەسترایەوە بە خۆناساندنی کازیوە پەرویزنیا. ئەم هاووڵاتییە پاشان بە سەردانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، بەبێ ئەوەی هیچ حوکم یان بەڵگەیەکی یاسایی بۆ دەستبەسەرکردنی پێ بگوترێت، دەستبەسەر کرا و بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواسترایەوە.

دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دروستکردنی دۆسیە، کازیوە پەرویزنیا بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی، هێشتا لە دەستبەسەریی کاتیدا ماوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی دەربارەی دۆخی دۆسیەکەی، بڕیاری ناوەندی دادوەری یان کاتی پێڕاگەییشتن بە تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی بڵاو نەکراوەتەوە.

هەروەها، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و ئەم سنووردارکردنانە هێشتا بەردەوامن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین